بازرگانانی نەوت پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن
رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەكاتی مامەڵەكردنی بازاڕە داراییەكانی ئەمریكا، نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەمساڵدا تۆمار كرد، لەلایەكەوە نرخی نەوت پاڵپشتی لە كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت وەرگرت لەلایەن ئۆپێكەوە، هەروەها كێشە جیۆسیاسیە نوێیەكانی هەر یەكە لە لیبیا، نەیجیریا و ڤەنزوێلا و بەردەوامبوونی گەمارۆ نەوتییەكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران فاكتەرێكی دیكە بوو بۆ گەیشتنی نرخی نەوت بە بەرزترین ئاستی لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا.
ئەوەی كە ئێستا هانی بازرگانانی داوە گرێبەستەكانی كڕینی نەوت زیاد بكەن، كەمبوونی خستنەڕووی نەوت نییە لە بازاڕدا، بەڵكو پلانەكانی سعودیەیە سەبارەت بە بازاڕی چین و خوڵقاندنی ترسێكی زۆر سەبارەت بە كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا و لیبیا و ئێران.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەمیشە بە سنوورداری دەمێنێتەوە، ئەوەمان بیرنەچێت كە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا و گەیشتن بە 11.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بە خاڵێكی گرنگ دادەنرێت بۆ سنوورداربوونی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها لاوازبوونی گەشەی ئابووریی جیهان لەمساڵدا بە فاكتەرێكی دیكە دادەنرێت لەبەردەم دروستبوونی چەند ناوچەیەك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەمریكاوە سنوورێكی بۆ زیادبوونی ژمارەی سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكا دانا، ئەوەی كە جێگەی سەرنجە، بەپێی راپۆرتێكی بیكەر هیوز بۆ خزمەتگوزاریی نەوت، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە 24ی ئەم مانگەدا كۆمپانیای هەڵكۆڵەری سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكا، بەرهەمهێنانی نەوتی لە 4 سەكۆ راگرت، بەم شێوەیەش ژمارەی سەكۆ نەوتییەكان بۆ 853 سەكۆ دابەزی.
سعودیە پێیوایە كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هاوسەنگی زیاتر بۆ بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە، ئەم گەشبینییە لەلایەن سعودییەوە بووە هۆكارێك بۆئەوەی زۆرترین گرێبەستی كڕینی نەوت لە بازاڕە داراییەكاندا لەلایەن وەبەرهێنەران و بازرگانانی سعودیەوە ببینرێت، بووە هۆكاری ئەوەش كە كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی هەنگاوێكی دیكە لە پلانەكانی وەبەرهێناندا بنێت بۆ دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت.
سەردانی شازادە بن سەلمان بۆ چین و واژۆكردنی لێكتێگەیشتنی (MOU) بۆ دامەزراندنی پرۆژەی پیترۆكیمیایی لە باكووری چین بە خاڵێكی سەرەكی دادەنرێت كە كۆمپانیای ئارامكۆ لەگەڵ گرووپی كۆمپانیاكانی نۆرینكۆی چینی هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی سعودیە بخەنە سەر نەخشەی سەرەكیترین هەناردەكاری نەوت بۆ چین.
بەم شێوەیەش ئارامكۆ دەبێتە ركابەرێكی سەرسەختی رووسیا لە بازاڕی چین و بە بەردەوامی كار لەسەر فراوانكردنی چالاكییەكانی لەسەرتاسەری جیهان دەكات، پشكەكانی لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان زیاد كردووە و بەبڕی 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پاكستان دەكات و وەبەرهێنانەكانیشی لە پاڵاوگە نەوتییەكانی هیندستان زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی وەبەرهێنانەكانی لە گازی سروشتیدا زیاد كردووە.
لەلایەكی دیكەوە ڤەنزوێلا بە یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكان دادەنرێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڤەنزوێلای ناچار كرد پەنا بۆ رووسیا و ئەوروپا بەرێت تا بتوانێت بەرهەمە نەوتییەكانی دەستبكەوێ، كێشەكە لێرەدا نییە، بەڵكو لەوەدایە تا دێت قەرزەكانی سەر ئەو وڵاتە لە كڕینی بەرهەمە نەوتییەكان زیاد دەكات، ئەمەش كورتهێنانی بودجە زیاتر دەكات و دەنگی ناڕەزایەتی دژی مادۆرۆش زیاتر دەكات.
ئەگەرچی ڤەنزوێلا وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و زۆرترین یەدەگی نەوتی جیهان لەو وڵاتەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا، ئەو وڵاتە ناتوانێت پەرە بە پاڵاوگەكانی بدات و نۆژەنیان بكاتەوە، ئەمەش ئەو وڵاتەی ناچار كردووە بەرهەمە نەوتییەكان لە دەرەوە هاوردە بكات، تەنانەت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەباش.
بەپێی چاودێری دەریایی بەشی هەرە زۆری بەرهەمە نەوتییەكان لەلایەن هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (Rosneft)ی رووسی و (Repsol)ی ئیسپانی و (Reliance Industries RELI.NS)ی هیندی و كۆمپانیا بازرگانییەكانی (Vitol) و (Trafigura) بە ڤەنزوێلا دەدرێت.
ئەمەش زیانێكی زۆری بە ڤەنزوێلا گەیاندووە، كەشتییەكانی گواستنەوەی دەریایی تێچووی گواستنەوەی نەوتیان بۆ ڤەنزوێلا بە بڕی 50 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك زیاد كردووە، ئەمەش بڕێكی زۆرە بە بەراورد بە پێش گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئەو وڵاتە كە 15 – 20 سەنت دەبوو.
بەشێوەیەكی گشتی بازرگانانی نەوت پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن، بە تایبەتیش كە سعودیە هەموو رێگەیەك دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاوسەنگی زیاتر بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێنێتەوە.
تەنانەت ئەگەر گەشەی بەكارهێنانی نەوتیش خاوبێت، گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا و ئێران هاوكاری پلانەكەی سعودیە دەكەن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوتی چین بە سعودیەوە ببەستێتەوە.
بەشێوەیەكی تەكنیكی لەسەر ئاستی هەفتانە، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی خاوی تەكساس و شكاندنی ئاستی بەرگری 57.55 دۆلار و جێگیربوونی پێنوێنی هێزی رێژەیی لەسەرووی ئاستی 70، ئەوا چەندین گرێبەستی نوێی كڕینی نەوت لەدوای نرخی 57.55 دۆلارەوە دەبینین، هەر ئەمەشە نرخی یەك بەرمیل خاوی تەكساس دەگەیەنێتە 59 دۆلار.
* شرۆڤەكاری بازاڕە داراییەكان لە كۆمپانیای ڤارین ئێفێكس