نرخی زێڕ لە نزیک 5200 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا و ئەگەری شکستی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەرزبووەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 0.5٪ بەرزبووەوە و خۆی لە 5200 دۆلار نزیک کردەوە.
 
کریستۆفەر وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری دارایی (OCBC) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نادڵنیاییە سیاسییەکان و ناڕوونی سەبارەت بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئەگەری هەیە بازاڕی زێڕ لە ماوەی کورتخایەندا هەر لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەبکرێت، بەوپێیەی بازاڕ مەترسییە جیۆسیاسییەکان هەرس دەکات و کاریگەرییەکانی کەم دەبنەوە.
 
کۆمپانیای ئێنڤیدیا، گەورەترین کۆمپانیای جیهان ئەنجامی دارایی چارەکی کۆتایی ساڵی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا دەرکەوت، ئەو کۆمپانیایە باشتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەوەش لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار. 
 
لە دوای چەند کاژێرێک لە کرانەوەی بازاڕەکان، هۆکاری جیۆسیاسی دووبارە لە بەهای دۆلاری کەم کردەوە و پاڵپشتی بۆ زێڕ دروستکرد.