هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا پاشەکشەی کردووە و گەیشتووەتە 900 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا لە مانگی پێشتردا زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئامارەکانی هەناردەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا، بە بەهای 900 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا، هەناردەکە ملیارێک و 336 ملیۆن دۆلار بوو.
بەپێی ئامارەکان، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 11.6% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 8 ملیار و 380 ملیۆن دۆلار. هاوکات هەناردەی گشتیی ئەو وڵاتە 4% کەمبووەتەوە و بۆ 20 ملیار و 315 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا بووە کە تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ کردوون بە بڕی 1.780 ملیار دۆلار. دوای ئەو وڵاتانی بەریتانیا، ئەمریکا و ئیتاڵیا دێن؛ هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە 900 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەم دان. پشکی ئەم پێنج وڵاتە لە کۆی هەناردەی تورکیادا 30.7% بووە.
لە بەرامبەردا، تورکیا زۆرترین کاڵای لەم پێنج وڵاتەوە هاوردە کردووە، چین 4.283 ملیار دۆلار، رووسیا 3.078 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 1.870 ملیار دۆلار، ئەمریکا 1.812 ملیار دۆلار و سویسرا 1.273 ملیار دۆلار.
لە تەواوی ساڵی 2025دا، تورکیا بە بەهای 12 ملیار و 380 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق کردووە. لەو ساڵەدا هەرێمی کوردستان و عێراق یەکێک بوون لە بازاڕە سەرەکییەکان، بەتایبەت لە کەرتی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان، کە تەنیا لەو کەرتەدا هەناردە بۆ عێراق 1.7 ملیار دۆلار بووە.