نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، خاوەنی پەلەوەرخانەیەکیش هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی جووجەڵە دەگەڕێنێتەوەو پێشبینی دەکات ئەم بەرزبوونەوەی نرخە درێژەنەکێشێت.
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە 2500 دینارەوە بووەتە 3250 دینار، واتە کیلۆیەک مریشک 750 دیناری هاتووەتەسەر.
نازم عەبدوڵڵا، کە خاوەنی پەرلەوەرخانەیە، سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بە رووداوی راگەیاند: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا خاوەنی پەلەوەرخانەکان جووجەڵەیان دەستناکەوێت".
بە گوتەی ئەو خاوەن پەلەوەرخانەیە، بەهۆی کەمی جووجەڵەوە، نرخەکەشی بەرزبووەتەوە، پێشتر جووجەڵەیەکیان بە 35 سەنت دەکڕی، ئێستا بە 80 سەنتیش دەستناکەوێت.
نازم عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا نرخی مریشک بەو شێوەیە نامێنێتەوە، ئێستا زۆربەی پەلەوەرخانەکان جووجەڵەی تەمەن 15 رۆژیان تێدایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی مریشک دادەبەزێت.
له ههرێمی كورستان 1,626 پەلەوەرخانەی مۆڵهتدراو و 500 پهلهوەرخانەی بێ مۆڵهت هەن، هەروەها 12 پرۆژهی مریشكی هێلكهی خواردن و 18 پرۆژهی جوجهڵهی دایكانه و پرۆژهیهكی نهژادی پهلهوهر ههن. بەڵام لە رابردوودا بەهۆی مریشکی هاوردەوە بەشێک لەو پرۆژانە داخراون.