گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: سزای تورکیا بەپێی بڕیاری دادگەی پاریس تەنیا 1.5 ملیار دۆلار نییە و زیاترە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو سزایەی لەلایەن دادگەی نێوبژیوانی پاریسەوە لە دژی تورکیا دیاریکراوە، کە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەو بڕە نییە کە عێراق داوایکردووە. دەشڵێت: "ئەو شاندەی ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات تاوتوێی میکانیزمی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و کەی گەیشتنە رێککەوتن، رادەگەیێندرێت."
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو دادگەی نێوبژیوانی پاریس بڕیاری دا بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە دوێنێوە نەوت لە کێلگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە هەناردە ناکرێت و راگیراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی: "ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و یەکێک لەو پرسانەی قسەی لەبارەوە دەکرێت پرسی نەوت و هەناردەکردنی دەبێت."
سەبارەت بەو سزایەشی دادگەکە بەسەر تورکیا سەپاندوویەتی، کە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە دەبێت ئەو وڵاتە بە عێراقی بدات بەپێی بڕیاری دادگەکە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد: "ئەو بڕەی دیاریکراوە لە بڕیارەکە هەر ئەوەندە نییە، چونکە عێراق داوای زیاتری کردووە، بۆیە لە داهاتوودا بڕی سزای دیکەی دێتەسەر."
شەوی هەینی، 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد کە حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتوویەتی: "دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە" هەروەها گوتوویەتی: "ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێبکەون".
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و پێشوازی لێکرد و رایگەیاند: "بڕیارەکە هەموو لایەنەکان پابەند دەکات بە رێزگرتن لە رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار، وەزارەتی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە تاکە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە."
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی وردەکاریی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریسەوە و رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی: "کەی رێککەوتین ئاشكرای دەکەین."
بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس دوای ئەوە دێت رۆژی 8ـی ئایاری 2014، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵایەکی لەبارەی یاساییبوونی بەکارهێنانی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراقی- تورکی بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق خستووەتە بەردەم ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی پاریس.
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق پاش 10 رۆژ لە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی هات.
سکاڵاکە لەو کاتەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو کرا، هەرچەندە لە کۆتا هەفتەکانی دەستبەرداربوونی پۆستەکەی سکاڵاکە کرا، بەڵام دواتر حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیران لە کۆتایی ساڵی 2014 سکاڵاکەی سڕ کرد، دواتر لە سەرەتای ساڵی 2017 چالاککرایەوە، دواتر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی سڕی کرد.
سکاڵاکە پەیوەندیی بە هەناردەکردنی نەوت لەنێوان 2014 تاوەکو 2018 هەیە، عێراق دەڵێت: لەو ماوەیەدا بڕی 26 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە بەهۆی ئەو رەفتارەی تورکیاوە، بەڵام بڕەکە دواتر زیادکرا.
رۆژی 20-04-2021، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە هەڤپەینێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، عێراق داوای 34 ملیار دۆلاری لە تورکیا کردووە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتەوە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق، سەرباری بوونی رێککەوتنێک بۆ ئەو مەبەستە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.