کۆمپانیایەکی خانووبەرە: لە هەولێر خانوو بۆ کرێ دەستناکەوێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە بە گوتەی یەکێک لە شارەزایانی ئەو کەرتە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوامبێت خواست زۆر بێت و خستنەڕوو کەمبێت، هەم نرخی خانووبەرە هەم کرێش زیاتر بەرز دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن دەست رووداو کەوتوون نرخی خانووبەرە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە 5 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 5% بەرزبووەتەوە، بە گوتەی خاوەن نووسینگەکان خانوو بۆ کرێ لە هەولێر زۆر کەمبووە و تەنانەت هەر نەماوە.
 
لەبارەی گۆڕانکارییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی رابروو بڕوا خۆشناو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای عەقاراتی باخی خۆشناو، بە (رووداو)ی گوت: "وەکو کڕین و فرۆشتن 5٪ بەرزبووەتەوە، سەبارەت بە کرێ دەکرێت بڵێین یەکەمجارە لە هەولێر شتێکی وا رووبدات، کە لە هەموو هەولێر شوێن نەمێنێت بۆ کرێ، ئەمەش نەک لە شوێنێک و ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو لە زۆربەی گەڕەکەکان و پرۆژەکانی هەولێر خانوو بۆ کرێ نییە".
 
بەگوتەی بڕوا خۆشناو ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر کرێ هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو ئاسانکاریانە گەڕاندەوە کە بۆ هاووڵاتیانی عەرەب دەکرێت و دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق گەڕاونەتەوە ئەمەش دوای ئەو ئاسانکارییەی بۆیان کراوە کە پێویستیان بە کارتی نیشینگە نابێت، وەکو هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان موڵکێک بەکرێ دەگرێت و دەچێتە بنکەیەکی ئاسایش کارتێکی دڵنیایی بۆ دەکەن، بەڵام پێشتر دەبوو کارتی نیشینگە (ئیقامە) دەربهێنێت، هەر ئەو ئاسانکارییەش وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر خانوو دروستبووە".
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەدات: "زۆربەی ئەو عەرەبانەی لە تورکیا و ئوردن دەژین، ئێستا ئەوانیش گەڕاونەتەوە. ئێستا زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکانیش گەڕاونەتەوە، ئەمەش هۆکاری کەمبوونەوەی خانووی کرێیە".
 
بڕوا خۆشناو دەڵێت: "لە هەولێر یەک کێشەمان هەیە بەراورد بەو خەڵکانەی کە سەردانمان دەکەن پرۆژەمان زۆر کەمترە، هەولێر 20 پرۆژەی تێدایە ئەمەش کەمترە لەو رێژە خەڵکەی سەردانمان دەکەن، هیچ ساڵێک سەبارەت بە کرێ وەکو 2021 نەبووە، خواستێکی یەکجار زۆر و خستنەڕووێکی کەممان هەیە، هەروەها کورتهێنانمان هەیە لەو رووەوە، پرۆژەی نوێشمان هەیە، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژە نوێیانە بە دڵنیاییەوە ئەو کورتهێنانەش نامێنێت". 
 
سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنیش، بڕوا خۆشناو دەڵێت: "هەرچەند خواست لەسەر کرێ زیاد ببێت، نرخی خانوو بەرز دەبێتەوە و جموجۆڵ زیاتر دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر خانوویێک بە 500 دۆلار بەکرێدرابێت و کرێیەکەی بگاتە 700 دۆلار، بە هەمانشێوەش نرخی خانووەکەش بەرز دەبێتەوە. ئەگەر بەو شێوەیە خواست زۆر بێت و خستنەڕوو کەمبێت، هەم نرخی خانووبەرە رەنگە 5٪ی دیکە بەرز ببێتەوە، کرێیش ئەوەندە خواستی لەسەر بێت دەگەڕێینەوە بۆ ساڵانی 2012 و 2013، تەنانەت 2011ـەش".