بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنی کاتی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان لەسەر ئەورووپا، نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دوای ئەوەی ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتییەکە کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت لەسەر پێناسە گومرکییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاتی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی سەر ئەورووپای دواخست بۆ رۆژی 9ی مانگی 7.
 
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دابوو لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەڕێژەی 50٪ پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای ئەورووپی بسەپێنێت.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) رایگەیاند، "پێدانی کاتی زیاتر بۆ ئەوەی ئەورووپا و ئەمریکا لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان رێکبکەون، رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەوپێیەی دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست."
 
لەلایەکی دیکەوە، دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە چەند هەفتەی رابردوودا بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان لە ئەمریکا. بەپێی کۆمپانیای خزمەتگوزاریی بەیکەر هیوز، هەفتەی رابردوو، ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا کەمیان کردووە بۆ 465 سەکۆی نەوتی. ئەوە دەتوانێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کەمبکاتەوە و پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی نەوت دروستبکات.