نرخی زێڕ بۆ 3340 دۆلار بەرزبووەوە؛ رەخنەیەکی ترەمپ هۆکارە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرزبووەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رەخنەی تووندی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گرت کە بووە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە.
 
ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 3340 دۆلار. نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3353 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی 3ـی 2022وەوە.
 
رەخنە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ لە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، نیگەرانی دروستکردووە لەسەر ئەوەی بانکەکە لەژێر گوشاری سەرۆکی ئەمریکا، سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدات و ئەوەش بەهای دۆلاری دابەزاند.
 
بەپێی هەندێ لەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، ترەمپ بەنیازە تاوەکو مانگی 9ـی ئەم ساڵ جیرۆم پاوڵ لە کارەکەی لابدات.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای گوتبوو پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و لەبەر ئەوەش نایانەوێت سوودی بانکی دابەزێنن.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ترەمپ سەرۆکێکی بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەوێت کە سوودی بانکی دابەزێنت، ئەوەش بەهای دۆلاری دابەزاندووە."
 
دابەزینی بەهای دۆلار بە شێوازی نەریتی، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ و کانزاکان.