بانکی ئەهلیی عێراقی بۆ رووداو: کێشەی یەکێک لە ATMـەکانمان لە کۆیە چارەسەر کرد
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ئەهلیی عێراقی رایدەگەیێنێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی لەکارکەوتنی یەکێک لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە قەزای کۆیە، تیمەکانیان لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا کێشەکەیان چارەسەر کردووە و پارەیان تێکردووە.
بانکی ئەهلیی عێراقی رایگەیاندووە: پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خزمەتکردنی کڕیارانی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دووپاتدەکاتەوە.
لەبارەی لەکارکەوتنی ئامێرێکی ATM لە کۆیە، بانکەکە دەڵێت: "لە یەکێک لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا لە دەرەوەی سەنتەری شار و بە دیاریکراوی لە کۆیە، یەکێک لە ئامێرەکانی ATMـمان بۆ ماوەیەکی کاتی لەکارکەوت، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا پارەی تێکرا، ئەمەش لە پێناو دڵنیابوون لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانمان."
بانکەکە سوپاسی خۆی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە بۆ تیشکخستنە سەر ئەو کێشەیە و دەڵێت: "ئەمە وای کرد تیمی تەکنیکیمان ئاگادار ببنەوە و کێشەکە چارەسەر بکەن و ئامێرەکە بخەنەوە کار لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێک لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە."