دوو كۆمپانیای نەوت لە بەردەڕەش شكست دێنن
رووداو- بەردەڕەش
دوو كۆمپانیای نەوتی كە ماوەیەك بوو لە سنووری قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆك سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوای نەوتدا، هیچیان دەستنەكەوت.
قاسم ئیبراهیم عەزیز، سەرۆكی لێژنەی قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیاكانی نەوت لە قەزای بەردەڕەش بە (رووداو)ی گوت، هەریەك لە كۆمپانیای ئەفرین و شیڤرۆن شكستیان هێناوە لە دەرهێنانی نەوت لە سنووری قەزای بەردەڕەش و ئێستا سنوورەكەیان بەجێهێشتووە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە قەزای بەردەڕەش زیانەكانی ئەو دوو كۆمپانیایەی بە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار مەزەندە كرد كە بەر ئەو دوو كۆمپانیایە كەوتووە بەهۆی ئەوەی هیچ نەوتێكیان لە ناوچەكە نەدۆزیوەتەوە. بەڵام گوتی "كۆمپانیای ئەفرین بارودۆخی لە كۆمپانیاكەی دیكە باشتر بوو، بەو پێیەی بڕێك نەوتی دەرهێنا و فرۆشتی، بەڵام بیرەكان بڕە ئاوێكی زۆریان تێدابوو، بۆیە وازیان لێهێنا".
هۆشیار بامەڕنی، بەرپرسی پەیوەندیەكانی كۆمپانیای ئەفرین لە هەرێمی كوردستان، ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە دەستبەرداری كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی بەردەڕەش بوون.
بامەڕنی بە (رووداو)ی گوت "كۆمپانیاكەمان پێنج بیرە نەوتی لە ناوچەكانی شاخی رەش و خێلەكی و گردەپان لە بەردەڕەش لێدا، بەڵام 80%ی بەرهەمی نێو بیرەكان ئاو بوون، كاتێكیش نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، دەستمان لە دەرهێنانی نەوتەكە هەڵگرت، چونكە زەرەرمان دەكرد، بۆیە بیرەكانمان تەسلیم بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردەوە".
بامەڕنی گوتیشی كە ئێستاكە ئەفرین ئۆفیسەكانی خۆی لە سنووری قەزای بەردەڕەش و هەموو كوردستان داخستووە. بەپێی زانیاریەكانی رووداو كۆمپانیای شیڤرۆنیش هاوشێوەی ئەفرین لە سنووری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لە گوندەكانی كانی ئەسپان و پیرچاوش دوو بیری نەوتیان لێدابوو، ئەوانیش تووشی زەرەر بوون.
محەممەد رەشید، موختاری گوندی كانی ئەسپان بە (رووداو)ی گوت كۆمپانیای شیڤرۆن چەند بیرە نەوتێكی لەسەر زەوی گوندەكانی ئەوان لێدا و ماوەیەك نەوتیان فرۆشت، بەڵام ئێستا كار ناكەن.
بە گوتەی ئەو موختارە، سەرەتا شیڤرۆن سوودێكی زۆری لە گوندەكەی ئەوان دەستكەوتووە و نەوتێكی باشی فرۆشتووە، بەڵام زیانێكی زۆریشی بە گوندەكەیان گەیاند بەهۆی لەناوبردنی چەند دۆنم زەوی جوتیاران و دەستبەسەرداگرتنی چەند رێگایەكی گوندەكەیان و پیسكردنی ژینگە و هەوای گوندەكەیان كە بە دووریی تەنیا چەند مەترێك لە گوندەكەیان نەوتیان دەردەهێنا.
محەممەد گوتیشی، پاش شكستهێنانی كێڵگە نەوتەكەی گوندەكەیان و گوندی پیرچاوش، ئێستا كۆمپانیای شیڤرۆن بڕیاری چۆڵكردنی شوێنەكەی داوە و وا بڕیاریشە بەم نزیكانە زەویەكانیان بۆ بگەڕێننەوە.
بەپێی بەدواداچوونێكی (رووداو) كۆمپانیا نەوتییەكان لە سنووری قەزای بەردەڕەش تەنیا لە گوندەكانی زمزمۆك و خێلەكی و كانی ئەسپان و پیرچاوش و كانی لان 297 دۆنم زەوی جوتیارانی ناوچەكەیان تێكداوە و جوتیارانیش داوای قەرەبوو دەكەن. سەرۆكی لیژنەی قەرەبووش لە قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش دەڵێت هەموو جوتیارەكان قەرەبوو دەكرێنەوە و لەو شوێنانەش كە كۆمپانیاكان شكستیان هێناوە، زەوییەكان بۆ جوتیاران دەگەڕێننەوە.