هۆکارێکی هاوبەش لەپشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و زیوە؛ هۆکارەکە چییە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی ئۆنسەیەک زیو ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیک 112 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتە ئاستی بێوێنەی 117.5 دۆلار.
 
بەتەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا نرخی زیو بەڕێژەی 7٪ بەرزبووەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا 55٪ نرخەکەی زیادیکردووە.
 
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیو هەمان هۆکارن کە نرخی زێڕ بەرزدەکەنەوە.
 
 
نرخی زێڕ ئەمرۆ سێشەممە ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 5090 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی شەوی رابردوو گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی و 5100 دۆلاری تێپەڕاند.
 
نرخی زێڕ بەهۆی تەشەنەکردنی کێشە جیوسیاسییەکان تەنانەت بۆ چەند ساتێک گەیشتە 5110 دۆلاریش.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێناسی گومرکی بەسەر چەندین بەرهەمی کۆریای باشوور بەڕێژەی 25٪ زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی کە ئەو کاری نەکردووە بۆ پەسندکردنی رێککەوتنی بازرگانیی نێوانیان.
 
ریان مەکنتایەر، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری (سپروت ئینک) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەردەوامیی کێشە جیوسیاسییەکان لەگەڵ نادڵنیاییە ئابوورییەکان پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان لە سندووقەکانی زێڕ دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ لە ئەم ساڵدا بەڕێژەی 20٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.