ئۆنسەیەکی زێڕ بە زیاتر لە 4700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمرۆ دووشەممە، یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ بە دابەزین کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕدراو زیانەکانی بەرەبەیانی خۆی قەرەبوو کردەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمرۆ دووشەممە تاوەکو 4670 دۆلاریش دابەزی، بەڵام دوای چەند کاژێرێک ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و بە 4717 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەڕێژەی 2.5٪ دابەزی. نرخی کانزای زەرد بە تووندی گرێدراوە بە سەردێڕی هەواڵەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێران.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات، بەپێی هەندێ راپۆرت ئێران لەڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازی نوێێ پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە داخرانی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دابەزی و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، " ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین کە ئێستا بە نزیکەیی وەستاوە."
 
رۆدا دەڵێت،" ئەگەر هاتوو پێشکەوتن لەو بارەیەوە هاتە ئاراوە دەبێتە گەورەترین هەواڵ بۆ نرخی زێڕ."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاند، "ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێت دانوستاندن بکەن دەتوانن تەلەفۆن بکەن و جەختی لەوە کردەوە ئەوان ناتوانن هیچکات چەکی ئەتۆمییان هەبێت."