نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 107 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ دووشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز هێشتا سنووردارە و دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش وەستاون، ئەمانە بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا.
ئەمرۆ نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 16 سەنت بەرزبووەوە و بە 107 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 77 سەنت بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بەڕێژەی 17٪ و 13٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی و بەوپێەش بەرزترین بەرزبوونەوەی نرخەکانی هەفتانەیان لە دوای جەنگی ئێران تۆمارکرد.
هیواکان بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران دوێنێ لەبارچوون دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رازینەبووە بە ناردنی شاندی ئەمریکی بۆ پاکستان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئێران هەوڵی رازیکردنی ئەمریکا دەدات بە پێشکەشکردنی پێشنیازی نوێ.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، " تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە و بەندە بەوەی تاوەکو چەند بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی دەبن."
سایکامۆر دەڵێت،" ئەگەر گەمارۆی تەنگەی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە بەردەوام بێت و ئێران نەتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات، رەنگە ناچار بێت بیرە نەوتییەکانی دابخات."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەو گوشارانە بە ئەگەری زۆرەوە هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر ئەمریکا نەرمتر دەکات و رەنگە ناچاریان بکات نەرمی بنوێنن.