نرخی زێڕ بەرزبووەوە و نەوت دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانی دوو هەفتەی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئۆنسەیەکی 3340 دۆلاری تێپەڕاند. نرخی نەوتیش لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بۆ 64 دۆلار و 62 سەنت دابەزی.
دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانی لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
ئەمرۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئاراستەی دابەزینی رۆژی دووشەممەی نرخی زێڕ پێچەوانە بووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3347 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و چاوەڕێی هاندەرێکی نوێ دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە".
وۆنگ پێیوایە، "بازرگانانی زێڕ ئێستا نیگەرانن لە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار".
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی سەرەکی جیهان دەپێوێت، ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێژەی 0.3٪ دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا.
کونگرێسی ئەمریکا ڤێرژنێکی لە پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باجی دۆناڵد ترەمپی هەفتەی رابردوو پەسندکرد کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ببێتە هۆکار بۆ زیادبوونی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا بەبڕی 3.8 تریلیۆن دۆلار بۆ ئاستی 36.2 تریلیۆن دۆلار.
نرخی نەوت بۆ کەمتر لە 65 دۆلار دابەزی
کۆتایی ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆدەبێتەوە و ئەگەری زیادکردنی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە و ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی دابەزاندووە.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دانییەل هاینێس، گەورە شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئوستراڵیی نیوزیلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت ئەگەری زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە بە دوور نازانن".
بەپێی چەندین سەرچاوە لەو گرووپە، هەشت وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس کە لە کۆبوونەوەی پێشووتریان بڕیاریان دا خستنەڕووی نەوت زیاد بکەن، رۆژی 31ـی مانگ کۆدەبنەوە و کۆبوونەوەکەیان یەک رۆژ پێش خستووە".
بە ئەگەری زۆرەوە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو ئەندامانە بڕیار لەسەر زیادکردنی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لە مانگی 7ی ئەمساڵ بە بڕی رۆژانەی 411 هەزار بەرمیل دەدەن.
پێشتر ئۆپێک پڵەس بڕیاری زیادکردنی خستنەڕووی نەوتی لە مانگی 4، 5 و 6ی ئەمساڵ دابوو.
بەپێی شرۆڤەکاران، دابەزینی نرخی ئەمڕۆی نەوت سنوورداربووە لەبەرئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاتی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی سەر ئەورووپای بۆ رۆژی 9ی تەمموز دواخست. بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕی نەوت بەجێهێشتووە.