نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لەدوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی نرخی نەوت بەرزبووەوە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن رووسیاوە.
 
نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی 71 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 74 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخەکانی نەوتەوە لە ناوەڕاستی مانگی شەش بەدواوە.
 
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا، هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی لەلایەن رووسیاوە پەکخسووە و ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
لەلایەکی دیکەوە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
 
ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی لیپۆ ئۆپیل ئەسۆسییەت لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت چاوەڕوانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بزانێت چەندە نەوت لە بازاڕدا زیاد دەکات."
 
جۆن کیلدۆڤ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (ئێگەین کاپیتاڵ) دەڵێت، "هێرشەکانی ئۆکراینا، هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ چەندین وڵات وەستاندووە."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی رووسیا بۆ چین و هیندستان کەمبێتەوە، کاریگەری بەرچاو لە سەر بازاڕی نەوت لەڕووی خستنەڕووەوە دادەنێت."