ئەو كۆمپانیایەی بورجی خەلیفەی دروستكرد پرۆژەیەكی گەورە لە هەولێر دەستپێدەكات


 رووداو - هەولێر

گرووپی كۆمپانیاكانی (ئیعمار) كە دروستكەری بورجی خەلیفەیەو بەرزترین تاوەری جیهانە، ئەمڕۆ پرۆژەیەكی گەورە لە هەولێر دەستپێدەكات.

ئیعمار، كە بنكەی سەرەكی لە شاری دوبەیە لە ئیمارات، یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی درووستكردنی تاوەر و باڵەخانە لە جیهاندا، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان پرۆژەی ناوەندی هەولێر (داون تاون) دەستپێدەكات.

نەورۆز محەممەد مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، لەبارەی پرۆژەكەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "رووبەری 228 دۆنم زەوی بۆ تەرخانكراوە‌و بڕی 2 ملیار دۆلاری تێدەچێت ‌و ماوەی 5-7 ساڵ دەخایەنێت تاوەكو تەواودەبێت".

پرۆژەكە دەكەوێتە سەرەتای شەقامی گوڵان و بریتی دەبێت لە چەندین باڵەخانەی بازرگانی، یەكەی نیشتەجێبوون و چەند مۆڵ و هۆتێل‌و شوێنی گەشتیاریی.