ئەمساڵ بەرهەمی كونجیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 800 تۆن بووە

 
رووداو  دیجیتاڵ
 
بەهۆی زیادبوونی خواست بۆ خواردن و دروستكردنی تەحین و زەیت، ماوەی چەند ساڵێكە جووتیارانی کوردستان روویان لە چاندنی كونجی كردووەتەوە، بەو هۆیەوە ئەمساڵ بەرهەمی كونجی ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركردووە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەمساڵ بەرهەمی كونجی لە هەرێمی كوردستان 804 تۆن بووە، ئەم بەرهەمەش بەراورد بە بەرهەمی چوار ساڵی رابردوو بە رێژەی 53.2% زیادیكردووە.
 
بەپێی داتاكانی وەزارەت لە ساڵی 2016 تەنیا هەزار و 620 دۆنم كونجی چێنرابوو، بەرهەمەکەشی 376 تۆن بووە، بەڵام لە ساڵی 2017 رووبەری چێندراو بۆ دوو هەزار و 100 دۆنم و بەرهەم بۆ 420 تۆن زیادبووە، لە ساڵی 2018 رووبەری چێنراو بۆ دوو هەزار و 900 دۆنم و بەرهەم بۆ 590 تۆن زیادبووە، ساڵی رابردوو رووبەری چێندراو بۆ سێ هەزار و 131 دۆنم زیادبووە، بەڵام بڕشت لەو ساڵەدا باش نەبووە و بەرهەم تەنیا 570 تۆن کونجی بووە.  ئەمساڵیش رووبەری چێندراو گەیشتە چوار هەزار و 428 دۆنم و بەرهەمیش بۆ 804 تۆن زیادبووە.
 
رزگار حەمەد، جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی دەڵێت بەهۆی بوونی خواست لەسەر کونجی، ماوەی چەند ساڵێكە چاندنی كونجی لە پارێزگای سلێمانی بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
 

هاوینی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار و 700 دۆنم کونجی چێندراوە و بەرهەمەکەشی 319 تۆن بووە.
 
كونجی جگە لەوەی بۆ خواردن خواستێکی زۆری لەسەرە، لە دروستكردنی هەویركاری بەكاردێت، وەك بەرهەمێكیش لە چوارچێوەی پیشەسازیی خۆراكی كشتوكاڵدایە، بەتایبەت بۆ دروستكردنی تەحین و دەرهێنانی زەیت.
 
رزگار حەمەد دەڵێت ئەو فاکتەرانە وایانكردووە ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە لە بازاڕ نرخێكی باش بكات، بۆیە جووتیارێكی زۆر روویان لە چاندنی كونجی كردووە.
 
كونجی بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، یەکێک لەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەیە كە مرۆڤ لە كۆنەوە پێی ئاشنا بووە و گرنگی بە چاندنی داوە. کونجی رێژەیەكی بەرچاو زەیتی تێدایە، زەیتەكەشی پڕە لە ترشی ئەمینی و پرۆتین و دژە ئۆكسانیشە، بۆیە لە هەندێ وڵات وەك چارەسەری بۆ نەخۆشی بەكاردێت.
 
نیشتمانی سەرەكی كونجی، ئەسیوپیایە و دواتر بەجیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێستا ئەم بەرهەمە بەشێوەیەكی فراوان لە ناوچە كەمەرەییەكانی هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەفەریقیا دەچێندرێت، نزیکەی 68٪ی کونجیی جیهان لە هیندوستان، بۆرما، چین و سوودان بەرهەمدێت.
 
لە هەرێمی كوردستانیش چاندنی ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە مێژوویەكی درێژی هەیە، پێشتر بە رووبەری زۆر فراوان دەچێندرا، دواتر رووی لەكەمی كرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی زیادبوونی كارگەگانی تەحین لەكوردستان جارێكی دیكە چاندنی ئەم بەرهەمە بەتایبەت لەهەردوو پارێزگای دهۆك و سلێمانی و رووی لە زیادبوون كردووەتەوە.
 
حاجی ساڵح، ساڵانە لە سنووری ناحیەی سەروچاوەی دەشتی بیتوێن زیاتر لە 20 دۆنم كونجی دەچێنێت، دەڵێت: "جووتیارانی ئەو ناوچەیە ساڵانە نزیکەی 1000 دۆنم كونجی دەچێنن" .
 
سەبارەت بە بەرهەمیش، حاجی ساڵح، گوتی بەگوێرەی بەپیتی خاكەكە دەگۆڕێت بۆ نمونە ساڵی رابردوو لە 8 دۆنم زەوی دوو تۆن و 700 كیلۆ کونجیم دەستكەوت، ئەمساڵ لە هەمان رووبەر و شوێندا 1,500 كیلۆم دەستكەوت. 
 
كونجی بەرهەمێكی هاوینەیە و بۆ پێگەیشتنی نزیكەی چوار مانگ کاتی پێویستە، بۆ نمونە جووتیارانی دەشتی بیتوێن، لەدوای دروێنەی گەنم لە 21ی حوزەیرانەوە دەست بە چاندنی دەكەن. لە سەرەتا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم دەست بە دروێنەی دەكەن.
 
بەهۆی نەبوونی ئامێری تایبەت بۆ دروێنەی کونجی، جووتیاران تائێستاش بە هەرەوەزی و بە داس دروێنەی کونجی دەكەن. زیاتریش كونجی جۆری چوار پەڕ و شەش پەڕ دەچێنن كە رەنگەكەی خورماییە و بۆ دروستكردنی تەحین بەکاردێت. 
 
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە رووی چاندن و بەرهەمەوە پارێزگای دهۆك لەپلەی یەكەمدایە. بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك دراوەتە رووداو، ئەمساڵ لە دێرەلوك 450 دۆنم، لە قەسرۆك 425 دۆنم، لە ئەتروش 290 دۆنم، لە رۆڤیا 300 دۆنم، لە بەردەەش 200 دۆنم، لە ئامێدی، سەرسنگ، جەمانكێ، كانی ماسی، ئاكرێ، دینارتە، گردەسین، بجیل و کەڵەک 195 دۆنم كونجی چێندراوە.
 
خدر دێواڵی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، دەڵێت: "زیادبوونی ژمارەی كارگەكانی دروستكردنی تەحین و بوونی خواست لەسەر دروستكردنی تەحین بە كونجی خۆماڵی، رۆڵی كاریگەریان هەبووە بۆ زیادبوونی چاندنی كونجی لە سنووری پارێزگای دهۆك".
 
ساڵی 2016 لە سنووری پارێزگای دهۆك تەنیا 636 دۆنم كونجی چێندرابوو، بەڵام ئەمساڵ رووبەری چاندن بۆ هەزار و 860 دۆنم زیادبووە. دێوالی دەڵێت: "پێشتر زیاتر لە قەزای ئامێدی كونجی دەچێندرا، بەڵام ئێستا لە هەموو قەزاكان دەچێندرێت".
 
15 کارگەی تەحین لە کوردستان هەن
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، 15 كارگەی مۆڵەتدراوی بەرهەمهێنانی تەحین لەهەرێمی كوردستان، نۆ کارگە لە هەولێر و شەش کارگەش لە دهۆک، کە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار و 503 تۆن تەحینیان هەیە.
 
جگە لە كارگە مۆڵەتپێدراوەکان دەیان كارگەی بچووك و 11 ئاشتی ئاوی (هەشت ئاش لە ئامێدی، دوو ئاش لە ئاكرێ و یەکێکیش لە زاخۆ) بۆ بەرهەمهێنانی تەحین هەن، ئەو گاركە و ئاشانە بەشێكیان كونجیی خۆماڵی بەكاردێنن و بەشێكیش هاوردە بەتایبەتی کونجیی ئەفغانستان.
 
كارگەی تەحینی ئاشی كەپرا لە ئامێدی سێ ساڵە دامەزراوە ، كارگەكە بە ئاو كاردەكات و بۆ بەرهەمهێنانی تەحین پشت بە كونجی خۆماڵی دەبەستێت و ساڵانە 60 تۆن بەرهەمی هەیە.
 
هیوەر ئیحسان ئیبراهیم، خاوەنی كارگەی تەحینی ئاشی كەپرا لە ئامێدی، دەڵێت: "دروستكردنی تەحین لەكونجی خۆماڵی بە ئاشی ئاوی تاموچێژی تایبەتی هەیە و لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان خواستی زۆری لەسەرە، بۆیە ئێمە پشت بە بەرهەمی كونجیی خۆماڵی دەبەستین".
 

هیوەر دەڵێت ساڵانە 80 تاوەكو 90 تۆن كونجی لە جووتیارانی پارێزگای دهۆك و سلێمانی دەكڕنەوە و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم دەست بە دروستكردنی تەحین دەكەن.
 
سەبارەت بە نرخی تەحین، هیوەر ئیحسان گوتی: "بەهۆی بەرزی كوالێتییەكەی تەحینی كونجیی خۆماڵی نرخەكەی سێ بەرامبەری تەحینی کونجیی هاوردەیە. بۆ نمونە تەحینی ئێمە لە بازاڕ كیلۆی بە 8 بۆ 10 هەزار دینارە، بەڵام تەحینی كونجیی هاوردە بە 3 تاوەكو 3.5 هەزار دینارە".
 
بە بەراورد بە رابردوو، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی تەحین قۆناخێک چووەتە پێشەوە و ئێستا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە بەرهەمهێنانی تەحین بەکاردێت.
 
ئەندازیار مستەفا زوبێر، سەرپەرشتیاری كارگەكان، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دەڵێت: پێشتر چەند كارگەیەكی دروستكردنی تەحین هەبوون، بەڵام بەرهەمیان كەمبوو، لە رووی كوالێتیشەوە نەیاندەتوانی كێبڕكێی تەحینی ئاشەكانی ئاكرێ و ئامێدی و كارگەكانی مووسڵ بكەن، بەڵام لەدوای هێرشی داعش بۆ مووسڵ ژمارەیەك خاوەنكاری مووسڵ كارگەیان لە کوردستان دامەزراند، بەمەش كێبڕكێ لە نێوان كارگەكان دروست بوو و ئامێری تازەیان هێنا و كوردستان چووە قۆناغێكی پێشكەوتوو لە بەرهەمهێنانی تەحین بە كوالێتییەكی بەرز.
 
ئێستا 15 كارگەی مۆڵەتدراو و بە دەیان كارگەی بچووكی دروستكردنی تەحینی كونجی لە كوردستان هەن، بە گوتەی مستەفا زوبێر نزیكەی 70%ی بەرهەمەكانیان هەناردەی شارەكانی عێراق و وڵاتانی ئەوروپا دەكەن. 
 
سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی کونجیی خۆماڵی، بەڵام بەرهەمەکە بەشی ئاش و کارگەکانی کونجی ناکات. مستەفا زوبێر دەڵێت: "نزیکەی 95٪ی کارگەکانی تەحین پشت بە کونجیی هاوردە دەبەستن".