کەمتر لە 1٪ی ئۆتۆمبێلەکانی کوردستان بیمە کراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكانی دڵنیایی دەڵێت بەهۆی گرنگینەدان بە بیمە، ساڵانە بەهۆی رووداوەكانی هاتووچۆ و سووتانەوە، بە سەتان ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەوێت، دەشڵێت ئەگەر یاسایەکی باشی دڵنیایی هەبێت، داهاتی كەرتی دڵنیایی هیچ كەمتر نابێت لە داهاتی گومرگ و باجەكان.
 
دڵنیایی (بیمە)، گرێبەستێكی یاساییە لە نێوان دڵنیاكار و دڵنیابۆكراو. ئامانج لێی كەمكردنەوەی ئەو زیان و مەترسییە دەرەكییانەیە كە لە دەرەوەی ویستی كەس و دامودەزگاكان روودەدات. زۆرجار ئەو مەترسییانە لەوانەیە ببنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سامان و بازرگانی یان هەر شتێكی دیكەی كەس و كۆمپانیا و دامودەزگاكان.
 
لەم پێناوەدا دڵنیابۆكراو پارە بەشێوەی قیستی مانگانە یان ساڵانە بە دڵنیاكار(كۆمپانیای دڵنیایی) دەدات، لەبەرامبەردا كۆمپانیاكە لە کاتی رووداوەکاندا قەرەبووی دڵنیابۆكراو دەکاتەوە.
 
جەمیل ئەبوبەكر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت: "كەرتی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان پشتگوێخراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە زۆربەی وڵاتان ئەم كەرتە بەشدارییەكی كارای هەیە لە داهاتی نیشتمانی و بە یەكێک لە كۆڵەگە گرنگەكانی ئابووریی وڵات دادەنرێت".
 
عێراق مێژوویەكی درێژی لە بواری بیمەدا هەیە، تەنانەت لە یاسای حامورابی ئاماژە بە بیمە كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی رێكخراو لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق كۆمپانیاكانی دڵنیایی دەركەوتن. ساڵی 1946 یەكەمین كۆمپانیای دڵنیایی بە ناوی 'كۆمپانیای دڵنیایی رافیدەین' بە سەرمایەی 100 هەزار دیناری عێراقی (سویسری) دامەزرا، كە تەنیا 40%ی سەرمایەکەی خۆماڵی بوو.
 
دواتر لە ساڵی 1950 كۆمپانیایەکی دیکەی دڵنیایی بە ناوی كۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی بە سەرمایەی ناوخۆ دامەزرا. ژمارەی كۆمپانیاكان رووی لە هەڵكشان كرد، بە جۆرێك لە نێوان ساڵانی 1946 تاوەكو 1964 نزیكەی نۆ كۆمپانیای دڵنیایی ئەهلی عێراقی و 32 كۆمپانیای دڵنیایی بیان ی یان لقەکانیان لە عێراق کرانەوە.
 
لە 14ی تەمموزی 1964، یاسای بە حكومیكردنی كۆمپانیاكانی دڵنیایی لەعێراق دەرچوو. دوای دەرچوونی ئەم یاسایە كاری كۆمپانیاكانیا بیانی و ئەهلییەكان وەستێنرا. حكومەتی عێراق دوو كۆمپانیای دڵنیایی دامەزراند، یەكێكیان بە ناوی كۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی بوو كە سەرمایەكەی یەك ملیۆن دینار (سویسری) بوو، هەموو جۆرە دڵنیاییەكی هەبوو، جگە لە دڵنیاكردنی ژیان، چونكە كۆمپانیایەكی تایبەت بە ناوی كۆمپانیای عێراق بۆ دڵنیاكردنی ژیان دامەزرا.
 
ئەم كۆمپانیایانە تائێستاش کار دەکەن، بەڵام دوای رووخانی رژێم بەعس شێوازی كاركردنیان گۆڕاوە، لە ساڵی 2005 یاسای ژمارە 10ی تایبەت بە رێكخستنی كاروباری دڵنیایی لە عێراق دەرچوو، جارێكی دیكە رێگە بە دامەزراندنی كۆمپانیای دڵنیای ئەهلی و گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان درا. ئێستا 40 كۆمپانیای دڵنیایی ئەهلی و بیانی لە عێراق هەن.
 
لەدوای راپەرینی ساڵی 1991 لقی كۆمپانیاكانی دڵنیایی عێراق لە شارەكانی كوردستان پەیوەندیان بە عێراق پچڕا و تەنیا وەك هەیكەل مانەوە، لە ساڵی 2012 بۆ رێكخستنی كاروباری دڵنیایی و چاودێری كاری كۆمپانیا ئەهلییەكان بەڕێوەبەرایەتییەك بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كۆمپانیاكانی دڵنیایی دامەزرا. 
 
لە هەرێمی كوردستان تائێستا یاسایەكی تایبەت بە رێكخستنی كاروباری دڵنیایی نییە، بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران كار بە یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2005ی تایبەت بە رێكخستنی كاری کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەكرێت کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە.
 
پاڵپشت بەم یاسایەش رێگە بەكاركردنی كۆمپانیای دڵنیایی ئەهلی لەكوردستان دراوە، ئێستا 8 كۆمپانیای دڵنیایی ئەهلی و لقی دوو كۆمپانیای دڵنیایی عێراقی لە هەرێمی كوردستان هەن.
 
جەمیل ئەبوبەكر، دەڵێت: "قازانجی خەڵك لەدڵنیاییە، نەك دووركەتنەوەی، بۆیە پێویستە حكومەت و پەرلەمان بە زووترین كات كار بۆ دەركردنی یاسایەكی هاوچەرخی دڵنیایی بكەن بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە متمانەی خەڵك بۆ بەشدار لەدڵنیایی بگەڕێنینەوە". 
 
 بە گوتەی جەمیل ئەبوبەكر رێژەی بەشداری تاك و كۆمپانیاكان لە هەموو جۆرەكانی دڵنیایی ناگاتە 2% ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە، بۆ نموونە ساڵانە بە سەتان رووداوی ئاگركەوتنەوە روودەدات زیانێكی زۆر بە سامانی تاك و گشتی دەگات.
 
جەمیل ئەبوبەکر دەڵێت: "زۆر هەوڵماندا خاوەن باڵەخانە، هۆتێل و كۆگاكان بۆ كەمكردنەوەی زیانی ئاگرەكان بەشداری دڵنیایی سووتان بكەن، بەڵام كەسیان متمانەیان پێی نییە و ئامادەنین بەشداربن".
 
نزیکەی ملیۆنێك و 700 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەن، ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ روودەدەن، بەهۆیانەوە ساڵانە ملیۆنان دۆلار زیان بەر ئابووریی کوردستان دەکەوێت، بەڵام بە گوتەی جەمیل ئەبوبەکر. "رێژەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی تۆمارکراون کەمترە لە 1٪".
 
لە زۆربەی وڵاتان رێگە بەهیچ ئۆتۆمبێلێك نادرێت بچێتە سەر شەقام ئەگەر پێشوەختە دڵنیایی بۆ نەكرابێت. بۆیە جەمیل ئەبوبەکردەڵێت: "پێشنیازمان كردووە دڵنیایی ئۆتۆمبیل بكرێتە زۆرەملێ و كار بە سیستەمی دڵنیایی تەندروستیش بكرێت".
 
بەپێی یاسای رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دڵنیایی، 10%ی داهاتی كۆمپانیاكانی دڵنیایی بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی لە خاڵە سنوورییەكان كاردەكەن دەبێت بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە، بەپێی داتایەک کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆمپانیاكانی دڵنیایی دراوەتە تۆڕی میدیایی رووداو ئەم بەڕێوەبەرایەتییە مانگانە 250 ملیۆن تاوەكو 300 ملیۆن دینار داهاتی هەیە. 
 
جەمیل ئەبوبەكر دەڵێت: "ئەم داهاتە زۆر كەمە، ئەگەر هاوشێوی وڵاتان سەرجەم ئۆتۆمبێل، باڵەخانە، هوتێل، كۆگا و بازاڕەكان بە ئارەزوو یان بەزۆرەملێ بەشداری دڵنیایی بكەن، ئەو كات زیانی ئاگركەوتنەوە و رووداوی ئۆتۆمبێل زۆر كەمدەبێتەوە، داهاتی كەرتی دڵنیاییش هیچی كەمتر نابێت لە داهاتی گومرگ و باجەكان".
 
كۆمپانیای ستاركار بۆ دڵنیایی یەكێكە لە كۆنترین كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان، کە لە ساڵی 2004 بە سەرمایەی 500 ملیۆن دینار دامەزراوە، ئێستا سەرمایەكەی 5 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
 
نەوزاد ئەمجەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ستاركار بۆ دڵنیایی، دەڵێت: "ساڵی یەكەم بەدڵنیاكردنی هەموو ئەو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلانە دەستمانپێكرد كە لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دەهاتنە كوردستان، دواتركارەكانمان فراوان كرد، ئێستا زیاتر لە 15 جۆر دڵنیاكردنمان هەیە، بەڵام بەداخەوە خەڵك و حكومەت لە گرنگی دڵنیایی تێنەگەیشتوون". 
 
نەوزاد ئەمجەد پێیوایە دڵنیاكردن جگە لەوەی ژمارەی رووداو و زیانەكان كەمدەكاتەوە، دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ وڵات و بەشدارییەكی كاراش لە داهاتی نەتەوەیی دەكات.
 
دیارترین دڵنیاییەکانی كۆمپانیای ستاركار بریتین لە دڵنیایی ئۆتۆمبێل، دڵنیایی تەندروستی، دڵنیایی سووتان، دڵنیایی ئەندازەیی، دڵنیایی رووداوی كەسی، دڵنیایی دزیكردن، دڵنیایی گواستنەوەی پارە، دڵنیایی دەریایی وهەندێک جۆری دیکەی دڵنیایی.
 
سەبارەت بە نرخی دڵنیایی، نەوزاد ئەمجەد، دەڵێت "دڵنیاییكردنی هەرشتێك بەگوێرەی یاسا و رێنماییەكان و ویستی كەسەكە بۆ شێوازی دڵنییایەكە نرخەكەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە بۆ دڵنیاكردنی ئۆتۆمبێل ئێمە بەها و جۆری ئۆتۆمبێلەكە دەكەینە پێوەر. بۆ هەر 10 هەزار دۆلارێك ساڵانە 340 تاوەكو 370 دۆلار وەردەگرین، ئەگەر لە ساڵی یەكەم هیچ رووداوێك رووینەدا، ساڵی دووەم 20٪ی پارەکە کەمدەکەینەوە، ساڵی سێیەم 30٪، ساڵی چوارەم 40٪ و ساڵی پێنجەم 50٪ی پارەکە کەمدەکەینەوە".
 
نەوزاد ئەمجەد ئاماژە بە خزمەتگوزاریی دڵنیایی ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیاکەیان دەدات کە بریتین لە: دزین، سووتان، وەرگەڕان و پێكدادان. ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە دزرا بۆ ماوەی سێ مانگ نەدۆزرایەوە، كۆمپانیا 90%ی نرخەكەی دەداتە خاوەنەكەی. دوای دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەكە دەبێتە موڵكی كۆمپانیا، ئەگەر خاوەنەكەی پارەكە نەگەرێنێتەوە. ئەگەر سووتا و كەڵكی چاكکردنەوەی نەبوو، 90%ی بەهاكەی دەدەرێتەوە. ئەگەر تووشی پێكداندان بوو و زیانی پێكدادنەكە لەنێوان 40% تاوەكو 50% بوو ئەوا 90%ی نرخەكەی دەدرێتەوە و ئۆتۆمبێلێكە لە مەزاد دەفرۆشرێتەوە، ئەگەر هۆكاری پێكدادانەكە دڵنیاكراوی کۆمپانیاکە بوو، هەردوو ئۆتۆمبێلەكە چاكدەکەنەوە، بەپێچەوانەوە تەنیا ئۆتۆمبێلی دڵنیاكراو چاكدەكەنەوە. 
 
نەوزاد ئەمجەد دەڵێت لەهەموو جیهاندا دڵنیاكردنی ئۆتۆمبێل ناچارییە. حكومەت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سامانی وڵات و كەمكردنەوەی زیان و رووداوەكان رێگە بەهیچ ئۆتۆمبێلێك نادات بچێتە سەر شەقام ئەگەر دڵنیا نەكرابێت، بەڵام لە كوردستان ئەم بابەتە پشتگوێخراوە.
 
لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان چەندین رووداوی سووتان روویانداوە، لەوانەش سووتانی ئوتێل سۆما لە هەولێر، سووتانی بازاڕی لەنگە لە هەولێر، سووتانی بازاڕی سێبیران لە قەیسەری هەولێر، سووتانی کۆمپانیای ace لە هەولێر، سووتانی کۆگاکانی پشت فامیلی مۆڵ لە هەولێر. هەروەها سووتانی پاڵاوگەیەک لە دهۆک کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی کرێکارێک. جیا لە چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نێو ماڵاندا.
 
د. غازی حەسەن محەممەد، مامۆستا لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری، كە پسپۆڕە لە بواری دڵنیایی و ماوەی 10 ساڵیش بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیایەكی دڵنیایی كەرتی تایبەت بووە لە كوردستان، دەڵێت: "ئێمە ئەزموونمان لەو هەموو رووداوەی سووتان وەرنەگرتووە، هێشتا حكومەت بەخۆ نەهاتووەتەوە بە بڕیارێك خاوەن هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و باڵەخانە و كۆگا و مۆڵ و ماركێت و دوكان و بازارەكان ناچار بە دڵنیاكردن بكات، ئەمە لەكاتێكدایە هەریەك لەم رووداوانە جگە لە زیانی گیانی، زیانی ملیۆنان دۆلاریان لە داهاتی تاک و حکومەت داوە".
 
بەگوتەی د. غازی، لە زۆربەی وڵاتان جگە لە دڵنیایی ئۆتۆمبێل، دڵنیایی لێپرسراوێتی یاسایش بۆ شوفێری ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت، ئەم جۆرە دڵنیاییە بۆ ئەوەیە كاتێك لە رووداوێكی هاتووچۆدا كەسێك گیان لەدەستدەدات، بەهۆیەوە شوفێرەكە تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی نەبێت و نەكەوێتە ژێر باری قەرەبووی ژیانی ئەو كەسە، كۆمپانیای دڵنیایی لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەیەكی كەمی ساڵانە، قەرەبووی گیانی ئەو كەسە بە گوێرەی تەمەن و پیشەی و بڕوانامەكەی دەكەنەوە، لەكاتی مردنی كەسێك لە رووداوێكی هاتووچۆدا كۆمپانیای دڵنیایی عێراقی 30 ملیۆن دینار وەك قەرەبوو دەداتە میراتگرەکەی. 
 
د.غازی وەکو پسپۆڕێکی بواری دڵنیایی پێشتر پێشنیازی دڵنیایی یاسایی شوفێران خستووەتە بەردەم حكومەت، بۆ ئەم جۆرە دڵنیاییەش ساڵانە 100 دۆلاری دیاریكردووە، 33 ملیۆن دیناریشی بۆ قەرەبووی گیانلەدەستدانەكان دیاریكردووە، بەڵام دەڵێت تائێستا وەڵامی پێشنیازەکەیان نەداوەتەوە.