نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 108 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی سێشەممە درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
گوتوبێژەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێران و گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا، چەقی بەستووە و هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز زۆر سنووردارە، ئەوەش نرخی نەوتی زیاتر بەرزکردووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 45 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 108 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی دووشەممە بە رێژەی 2.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 58 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساس رۆژی دووشەممە بە رێژەی 2.1٪ بەرزبووەوە.
بەپێی سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازی نییە بە پێشنیازە نوێیەکی ئێران بەو هۆیەوە پێشنیازەکە چارەسەری پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی لەخۆ نەگرتووە و بەستوویەتیەوە بە کۆتایی پێهێنان بە دووژمنکارییەکان و چارەسەرکردنی پرسی تەنگەی هورمز لە سەرەتادا.
چەقبەستنی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بە نێوەندگیری پاکستان ئەنجام دەدرێت بە کردەیی بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز بە نزیکەیی بە داخراوی بمێنێتەوە.