عێراق نەوتى کەرکووک لە بەسرە دەفرۆشێت

28-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق ئەو نەوتەی کەرکووک لە بەسرەوە هەناردە دەکات، کە پێشتر لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکراو لە 23ى ئادارى ئەمساڵەوە هەناردەکردنى لەگەڵ نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە.
 
28ى ئایارى 2023 وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئامارى بەرایی هەناردەى نەوتى عێراقى بۆ مانگى نیسانى رابردوو بڵاوکردەوە، کە 98 ملیۆن و 643 هەزار و 947 بەرمیل بووە و بەهاکەی حەوت ملیار و 699 ملیۆن و 272 هەزار دینار بووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەشێک لەو نەوتەى کە لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە گوێزراونەتەوە، لە کۆگەى نوێی کەرکووک بارکراوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە دەستیکەوتووە، کۆگەى نوێی کەرکووک، نزیکە لە هێڵى (itp)، کە نەوتى کەرکووکى لێوە هەناردە دەکرێت بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا و لە کۆگەکەوە هێڵى گواستنەوەى نەوت هەیە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا و نزیکیشە لەو کێڵگانەى کە نەوتى لێ دەردەهێندرێت بۆ هەناردەکردن.
 
25ى ئادارى 2023 هەناردەى نەوتى کەرکووک و هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، بڕى ئەو نەوتەى کەرکووک کە لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرا، مانگانە دەگەیشتە نزیکەى دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.
 
بە بەراوردکردنى نەوتى هەناردەکراوى عێراق لە مانگى کانوونى دووەمى 2023، کە تێیدا نەوتى کەرکووک لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە کراوە، لەگەڵ هەناردەى نەوتى مانگى نیسان کە هەناردەى نەوتى کەرکووک لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە راگیراوە، گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى بەسەردا نەهاتووە کە تەنها 170 هەزار بەرمیل جیاوازە، بەوپێیە نەوتى کەرکووک لە رێگەى بەسرەوە هەناردە کراوە.
 
کۆگەى نوێی کەرکووک، لە ساڵى 1977 دروستکراوە، دەکەوێتە باشوورى قەزاى دووبز لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک، تواناى کۆگەکردنى زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتى هەیە.
 
وەزارەتى نەوت ئاشکرای کردووە، بەشێک لە نەوتە هەناردەکراوەکە، لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بارکراوە، کە بە گوتەى بەرپرسەکەى کۆمپانیاى نەوتى باکوور "هەناردەکردنەکە ئەو نەوتە دەگرێتەوە کە لە کۆگەکانیان لەدواى راگرتنى هەناردەکردن لە بەندەرى جەیهانى تورکیاوە ماوەتەوە."
 
راگرتنى هەنارەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک بەگوێرەى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس بوو، لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە