نرخی زێڕ بۆ 3274 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەڕێژەی 1.6٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3274 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە نێوەڕاستی مامەڵەکاندا، لە نیوەڕۆی رۆژی هەینی تەنانەت نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 3250 دۆلار.
 
چین و ئەمریکا لەسەر بابەتی پێناسە گومرگییەکان رێککەوتوون و چوارچێوەی رێککەوتنەکەیان راگەیاندووە، ئەوەش بووەتە هۆکار، خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کەم ببێتەوە.
 
لەگەڵ دابەزینەکەی رۆژی هەینیدا، لەم هەفتەیە نرخی کانزای زەرد 3٪ـی دیکە لە بەهای خۆی لەدەستدا و بەو پێیەش بۆ دوو هەفتەی یەک لە دوای یەکە کە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
 
دانییەل پاڤیلیۆنز، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئار جی ئۆ فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمبوونەوەی مەترسییە جیوسیاسییەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەلێک بۆ بازرگانان بڕەخسێت بۆ فرۆشتنی زێڕ و کۆکردنەوەی قازانج، ئەوەش نرخەکەی دابەزاندووە."
 
سەرەڕای دابەزینەکانی دوو هەفتەی رابردوو، هێشتا نرخی زێڕ لەم ساڵدا بەڕێژەی 25٪ بەرزبوونەوەی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەخۆیەوە بینیوە.