زانیاری لەسەر ئەو کۆمپانیایەی 16 دۆلارەکەی نەوت یەکلادەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژێکی تەواوە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەریمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستی پێکردووەتەوە. شارەزایان ئەو هەنگاوە وەکو ئەزموونی نێودەبەن بۆ هەناردەکردنەوەی هەمیشەیی، بەتایبەت کە هێشتا رێککەوتنی سەرەتایی هەیە.
 
حکومەتی عێراق بە رادەست کردن نێوی دەبات وەکو چۆن لە دوایین لێدوانیدا بۆ رووداو وەزیری نەوتی عێراق گوتی، رادەستکردن نەوەکو هەناردەکردن، هاوکات بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردن نێوی دەبەن، ئەوە تەنیا یاریکردن بە وشە نییە بەڵکو قسەی دیکە لە پشتەوەیە.
 
هەرچی پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە کە ئێستا بە 16 دۆلار قایلن، ئەوە وەکو سەرەتایی نێو دەبەن، دەیانەوێت لایەنی سێیەم کارابێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کرێیە وەکو چۆن لە یاسای بودجە و رێکەوتنەکان هاتووە.
 
لایەنی سێیەم کۆمپانیایەکی نێوەندگیری نێودەوڵەتییە، بۆ شیکردنەوەی داتاکان دەستبەکار دەبێت، ئەویش کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وود ماکێنزی یە.
 
مێشکی پشت بڕیارە گەورەکانی وزە لە جیهان
 
بۆ زۆرێک لە ئێمە رەنگە ناوی "وود ماکێنزی" ئاشنا نەبێت، بەڵام ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کاریگەرترین ناوەندەکانی شیکاری و راوێژکاری لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت لە بواری وزەدا. حکومەتەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک شێڵ و بی پی و وەبەرهێنەرە گەورەکان، بڕیاری وەبەرهێنان بە ملیاران دۆلار لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی ئەوان دەدەن.
 
وود ماکێنزی، کە بە "وودماک"یش ناسراوە، چیرۆکەکەی لە ساڵی 1923 لە ئێدینبەرەی پایتەختی سکۆتلەندا دەست پێدەکات، بەڵام نەک وەک کۆمپانیایەکی وزە، بەڵکو وەک کۆمپانیایەکی بریکاری فرۆشتنی پشک. 
 
خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە ساڵی 1973 بوو، کاتێک دەستی کرد بە شیکردنەوە و نووسینی راپۆرت لەسەر کێڵگە نەوتییە نوێیەکانی دەریای باکوور. لێرەوە ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد و بوو بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانیاری لەسەر وزە.
 
ئەم کۆمپانیایە تەنیا داتا کۆناکاتەوە، بەڵکو داتاکان دەکات بە شیکاریی ورد و پێشبینی بۆ داهاتوو. بۆ نموونە:
 
- پێشبینیی نرخی نەوت دەکات لە چەند ساڵی داهاتوودا.
 
- راوێژ بە وڵاتان دەدات کە چۆن سامانی سروشتیی خۆیان بەڕێوەببەن.
 
- بە کۆمپانیاکان دەڵێت وەبەرهێنان لە وزەی پاک چەندە گرنگە و کەی کاتیەتی.
 
گرنگیی ئەم کۆمپانیایە لە نرخەکەشیدا رەنگیداوەتەوە. لە ساڵی 2015 بە بڕی 2.8 ملیار دۆلار فرۆشرا، تەنیا دوای هەشت ساڵ، واتە لە ساڵی 2023، کۆمپانیای وەبەرهێنانی "ڤێریتاس کاپیتاڵ" بە بڕێکی زیاتر کە 3.1 ملیار دۆلار بوو، کڕییەوە.
 
ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە سەردەمی گۆڕانکاریی وزەدا، زانیاری و شیکاریی دروست نرخەکەی لە زۆرشت بەرزترە.
 
بەکورتی، وود ماکێنزی ئەو "مێشکەیە" کە داتاکان دەکات بە نەخشەڕێگە بۆ داهاتووی وزەی جیهان. لە کێشەی گەرمبوونی زەوییەوە بگرە تاوەکو نرخی ئەو بەنزینەی دەیکەینە ئۆتۆمبێلەکانمانەوە، شیکارییەکانی ئەم کۆمپانیایە کاریگەریی ناڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هەموومان هەیە.