نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی گەیشتە نزیک 5600 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ ئاستێکی بێ وێنەی مێژوویی بەرزبووەوە و خۆی گەیاندە نزیکەی 5600 دۆلار. ئێستا ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 5540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرزەکانی ئەمریکا و نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە کاروباری بازرگانیی جیهانی، بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی زێڕ."
نرخی زێڕ یەکەم جار رۆژی دووشەممە گەیشتە ئاستی 5000 دۆلار و بەتەنیا لەم هەفتەیەدا 10٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
زێڕ چیدیکە بەتەنیا پەناگەیەکی ئارام نییە لەکاتی نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بازرگانان و وەبەرهێنەران، بەڵکو بووەتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی سامان و داراییەکان، بەوپێیەی نرخی دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکەی جیهان دابەزیوە و متمانە بە دۆلاری ئەمریکی کەمبووەتەوە.
زێڕ بە کردەیی خەریکە جێگەی دۆلار دەگرێتەوە. تاوەکو ئێستا لە ئەمساڵدا نرخی زێڕ بەڕیژەی 27٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.