بۆچی نرخی تمەن خەریکە دادەڕمێت؟
عومەر ئەحمەد
ئەم ئامارانەی خوارەوە راستەوخۆ پێشانیدەدەن کە بە تەنیا لە ماوەی یەک رۆژ دا (ئەمڕۆ چوارشەممە) دراوی نیشتمانیی ئێران چی بەسەرهاتووە و ئەو جەنگەی کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتووە خەریکە چ لە ئابوورییەکەی دەکات. ئەم داتایانە، داتای بازاڕی ئازادن و راستەخۆ لە ماڵپەڕە بڕواپێکراوەکانی ئێرانەوە وەرگیراون.
زانیارییە راستەوخۆکانی بازاڕ، 29ی نیسانی 2026
• نرخی ئەمڕۆ (بازاڕی ئازاد): 178,650 تمەن بۆ هەر دۆلارێک (+7.04% لە 24 کاژێردا)
• بەرزترین ئاستی رۆژانە: 178,900 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
• نزمترین ئاستی رۆژانە: 160,350 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
• گۆڕانکاری بەراورد بە دوێنێ: +11,750 تمەن (داخستنی دوێنێ: 166,900)
• گۆڕانکاری بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر: +15.89%
• گۆڕانکاری بەراورد بە شەش مانگ لەمەوبەر: +66.34%
• نرخ لە سەرەتای 2025 دا: 81,750 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
• کۆی زیانەکان لە ساڵی 2016ـەوە: >98%ـ بەهاکەی بەرامبەر دۆلار
• پێشبینی هەڵاوسانی IMF بۆ 2026: تێکڕای 68.9%ـی ساڵانە
• پێشبینی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بۆ 2026: –6.1% پاشەکشە
• زیانە مەزەندەکراوەکانی جەنگ:270 ملیار دۆلاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
• هەلی کاری لەدەستچوو لە 28ی شوباتەوە: نزیکەی 2 ملیۆن
بە زمانێکی سادە مانای ئەم ژمارانە ئەوەیە خێزانێکی ئێرانی کە بەر لە 10 ساڵ، بڕی 10,000 دۆلاری بە تمەن پاشەکەوت کردبێت کاتێک هەر دۆلارێک نزیکەی 3,400 تمەن بوو، ئێستا ئەو هەموو پارەیەی کە پاشەکەوتی کردووە بە تمەن، بەهاکەی یەکسانە بە تەنیا 19 دۆلار. لە ماوەی شەش مانگ دا، تمەن یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستداوە. جووڵەی ئەمڕۆی بازاڕ کە زیاتر لە 7%ـە لە تەنیا یەک رۆژدا، تەنیا هەڵبەز و دابەزێکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەرەسهێنانێکی پێکهاتەییە لە دراوی نیشتمانیی ئێران دا.
هەرەسهێنانی تمەنی ئێرانی بۆ 178,650 بەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی لە 29ی نیسانی 2026، دەرەنجامی تەنیا یەک شۆک یان هەفتەیەکی خراپی بازاڕ نییە. ئەمە کۆتایی پرۆسەیەکی 10 ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی دراوە، کە بەهۆی ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و داخستنی تەنگەی هورمز گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.
پاشەکشەی بەهای تمەنی ئێران لە مێژووی ئەو وڵاتە کەم وێنەیەدا، لە نزیکەی 3,400 تمەن بۆ هەر دۆلارێک لەکاتی رێککەوتنی ئەتۆمی لە 2016، بۆ تێپەڕاندنی ئاستی 100,000 تمەن لە ئاداری 2025، تاوەکو دەگاتە 178,650ـی ئەمڕۆ، تمەن زیاتر لە 98%ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە کەمتر لە 10ساڵ لەدەستداوە. لەم پرۆسەیەدا، پاشەکەوتی تەواوی نەوەیەکی ئێرانییەکانی لەنێوبردووە، هەڵاوسانی خۆراک بۆ سەروو 100% بەرزکردووەتەوە و، ئابووریی وڵاتەکەی بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، لە 28ی نیسانی 2026، گەیاندووەتە "دۆخی هەرەسهێنان".
چۆن بەهای یەک دۆلار لە 3,400 تمەنەوە گەیشتە 178,650 تمەن؟
خشتەی خوارەوە بەدواداچوون بۆ داڕمانی تمەن دەکات لە 1979ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ. ئەمە وەک ژیاننامەی دراوێک ببینە بەرچاوتان کە هەنگاو بە هەنگاو، بەهۆی گۆشەگیریی جیۆپۆلیتیکی، بەڕێوەبردنی نادروستی ئابووری و جەنگەوە بێبەهاکرا.
پێنج هۆکاری سەرەکی داڕمانی بەهای تمەن
سزاکان ئابووریی ئێرانیان لە دۆلار بێبەش کرد
هەموو ئابوورییەک پێویستی بە دۆلارە بۆ هاوردەکردن و دانەوەی قەرزەکان. بۆ ئێران، ئەم رەوتە بەهۆی سزاکانەوە خنکێنرا و لە ساڵی 2026 بە تەواوی بڕدرا. گەمارۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز بووە هۆی بڕینی 70%ـی داهاتی هەناردەی ئێران. کاتێک دۆلار نەچێتە نێو ئێران، هەموو کەس هەوڵدەدات تمەنەکانی بفرۆشێ و دۆلار بکڕێت، ئەمەش بەهاکەی زیاتر دادەبەزێنێت.
چاپکردنی پارە بۆ دابینکردنی تێچووەکان
حکومەتی ئێران بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، پەنای بۆ چاپکردنی بێسنووری پارە بردووە. بانکی ناوەندیی ئێران گەورەترین پارەی کاخەزی لە مێژووی خۆیدا چاپکرد کە 1,000,000 تمەنییە (10 ملیۆن ڕیاڵ) لە نیسانی 2026. بە نرخی ئەمڕۆ، ئەم پارە کاخەزییە تەنیا 5.60 دۆلار دەکات.
سیستمی چەند نرخی، هۆکارێک بۆ پشێوی
بوونی چەندین نرخی جیاواز بۆ دۆلار (حکومی، نیما و ئازاد) بووە هۆی گەندەڵی و سەرلێشێواوی بازاڕ. کاتێک حکومەت ویستی نرخی پاڵپشتیکراوی 28,500 تمەنی لابدات، گوشارەکان هەموو کەوتنە سەر بازاڕی ئازاد و نرخەکەی زۆر بەرزکردەوە.
جەنگ، خۆپێشاندان و نەمانی متمانە
بەهای دراو پەیوەستە بە متمانە. جەنگی 12 رۆژەی ساڵی 2025 شۆکێکی گەورەی دروستکرد. تاوەکو کانوونی یەکەمی 2025، تمەن گەیشتە 142,000 و پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە. خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری وڵات و پچڕانی ئینتەرنێت زیانی گەورەیان بە ئابووریی دیجیتاڵیی ئێران گەیاند.
جەنگی 2026، شۆکی کۆتایی
جەنگی شوباتی 2026 و کوژرانی رێبەری باڵا، هەموو بەربەستەکانی شکاند. لێدانی ژێرخانی وزە و پیشەسازی بووە هۆی لەدەستدانی 2 ملیۆن هەلی کار و زیانی 270 ملیار دۆلاری. لەم دۆخەدا، گەیشتنی تمەن بە 178,650 بۆ هەر دۆلارێک جێگەی سەرسوڕمان نییە.
ئەمە چ مانایەکی بۆ ئێرانییە ئاساییەکان هەیە؟
لەنێوان ئاداری 2025 بۆ 2026، نرخی نان و دانەوێڵە 140%، گۆشتی سوور 135% و شیرەمەنی 117% زیادیان کردووە. تێکڕای مووچەی مانگانە کە 16,255,000 تمەنە، ئێستا تەنیا یەکسانە بە 104 دۆلار، کە بە ئەستەم بەشی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسی دەکات. گۆشت و دەرمان بوونەتە شتومەکی گرانبەها و دەستنەکەوتوو.
ئایا بانکی ناوەندیی ئێران دەتوانێت هیچ بکات؟
بانکی ناوەندیی ئێران تەنیا بەو یەدەگەی هەیەتی دەتوانێت بەرگری لە دراوەکەی بکات، بەڵام گەمارۆکان رێگەیان گرتووە یەدەگی نوێ بێتە نێو وڵات. هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابەشکردنی کۆپۆنی مانگانەی 100,000 تمەنی (نزیکەی 7 دۆلار) لەلایەن ئابووریناسانەوە وەک "قومارێکی ئابووری" ناو دەبرێت کە هەڵاوسان خراپتر دەکات.
لابردنی سفرەکان (گۆڕینی فەرمی بۆ تمەن)
لابردنی چوار سفر لە دراوەکە تەنیا کارێکی ژمێریارییە. ئەگەر نرخەکە 178,650 تمەنی ئێستابێت، دوای لابردنی سفرەکان دەبێتە 17.8 تمەنی نوێ. ئەمە توانای کڕین ناگۆڕێت. مێژوو نیشانیداوە لە ڤەنزوێلا و زیمبابۆی کە لابردنی سفر بەبێ چاکسازیی سیاسی و ئابووری، هیچ سوودێکی نییە.
کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییەکان
داخرانی تەنگەی هورمز نرخی نەوتی برێنتی گەیاندووەتە سەروو 112 دۆلار. بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم قەیرانە کاریگەری راستەوخۆی هەیە؛ بازرگانی وشکانی لەگەڵ ئێران سنووردار بووەو نرخی کاڵای ئێرانی گران بووە و تێکچوونی سیستەمی دارایی ناوچەکە کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی دراو لە دووبەی و هەولێریش. تەنانەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئێستا هەندێک جۆری خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە.