وەزارەتی دارایی: هەر پلەیەک بەدەر لە یاسا درابێتە مووچەخۆر هەڵدەوەشێنرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێک بۆ هیچ کەسێک هەژمار ناکرێت ئەگەر بەپێی یاسا نەکرابێت و هەر پلەیەک بەدەر لە یاسا درابێتە مووچەخۆر هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 29-6-2020 دەرچووە و ئاراستەی "هەموو وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت" کراوە، تێیدا هاتووە، هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بەمەبەستی رێکخستنی پلە، ناونیشان و مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانیان دەکەن. 
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، هەر رێکخستنەوەیەک ئەنجامدەدرێت "پێویستە لەچوارچێوەی وەزیفی گشتیدا بێت و لەسەر بنەمای بڕوانامە، خزمەتی راستەقینە و ئەو خزمەتانە بێت کە بەپێی یاسا بەرکارەکان هەژمار کراون". 

 

 
 
هەموو ئەو بڕیارانەی کە لیژنەی وەزارەت پەسندی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوە دەربارەی پلە بەرزکردنەوە و پلە و خزمەتی فەرمانبەرانی بەدەر لە یاسا "بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەیان بدات". 
 
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە خزمەتی فەرمانبەرایەتی، ئاوارەیی یان پێشمەرگایەتیان هەیە یان کەرتی تایبەتیان بۆ هەژمارکراوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت "بەپێی یاسای چاکسازیی ژمارە 2ـی ساڵی 2020 هەڵدەوەشێتەوە و راستکردنەوەی مووچە و ناونیشانیان بۆ دەکرێتەوە بەپێی ساڵانی خزمەت، بڕوانامە و تەمەن".