یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4560 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دابەزینە بەرچاوەکانی چەند رۆژی رابردوو، ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوە کرایەوە و ئۆنسەیەکی بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 4560 دۆلار.
 
نرخی زێڕ ئەمرۆ بۆ ماوەیەکی کەم لە نزیکەی 4580 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەپێی شرۆڤەکاران نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان هۆکارێکی کەم دەهێڵێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی کانزای زەرد.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی ئێستا لەلایەن بازرگانانەوە بە نرخێکی گونجاو دەزانرێت و وەبەرهێنەران هەوڵ دەدەن لە ئاستە نزمەکانی ئێستادا هەلی کڕین بدۆزنەوە. هەر ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی کاتی نرخی زێرە لەمرۆ پێنجشەممەدا."
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە سوودی بانکی وەک خۆی لە ئاستی ٪3.5 تاوەکو 3.75٪ جێگیر کرد و گۆڕانکاری بەسەردا نەکرد، بەڵام بریارەکەی بانکی ناوەندی یەکێک بووە لەو بریارانەی کە بە تایبەتی جیاوازی بیروڕای ئەندامانی لیژنەی ئازادی بانکی ناوەندی پێوەدیارە.
 
لە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا باس لە نیگەرانییەکان کراوە لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و 3 ئەندامی ناڕازی گوتوویانە نابێت بانکەکە پێشوەختە باس لەوە بکات کە لە داهاتوودا ئەگەری دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئارادایە.
 
نرخی نەوتی 120 دۆلاری دەتوانێت هەڵاوسان لە ئەمریکا بەچەشنێک بەرزبکاتەوە کە رێگە نەدات بانکی ناوەندی ئەمریکا لانیکەم لەمساڵدا بیر لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکاتەوە.