لە ورمێ 16 هەزار کۆڵبەر بیمە دەکرێن

رووداو- ورمێ

بەپێی ئامارەکان لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، 16 هەزار کۆڵبەر بیمە دەکرێن، گرێبەستی بیمە رۆژی رابردوو 29-6-2017 لەنێوان وەزارەتی کار، پارێزگاری ورمێ و نوێنەری پیرانشار و سەردەشتدا واژۆ کرا.

بەگوتەی وەزیری کار، پێشتریش رێککەوتننامەیەکی هاوشێوە بۆ بیمەی کۆڵبەرەکانی پارێزگای سنە واژۆ کراوە.

بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە، 20% -ی پارەی بیمە پارێزگار دەیدات، 20%-یشی وەزارەتی کار و 60 لەسەدەکەی دیکەیشی کە بڕی 30 هەزار تمەنە کۆڵبەرەکان خۆیان دەیدەن. سندووقی بیمەش بەڵێنی داوە لەسەدا 20 داشکاندن بۆ کۆڵبەران بکات.

لەو رێککەوتننامەیەدا بڕیار دراوە کە قائیمقامییەتەکان ناوی کۆڵبەرەکان تۆمار دەکەن و قائیمقامییەتەکانیش کارتی کۆڵبەری تەنیا بەو کەسانە بدەن کە لە پێشدا ناوی خۆیان لە بیمە تۆمار کردبێت.

ئەمساڵ کوشتنی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و گیانلەدەستدانیان بەهۆکاری دیکە وەک رنووی بەفر، بوونەتە هۆی ئەوەی گرنگیی بە کۆڵبەران بدرێت و پرسەکانی تایبەت بە کۆڵبەرەکانی زیاتر ورووژاندووە.