یەک بەرمیل نەوت بە نزیکەی 68 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کەمبوونەوەی خواست و خستنەڕووی زۆر، نرخی نەوت رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا دابەزی.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، رۆژی هەینی 50 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 68 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 59 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەتایبەتی لەبەر کۆتاییهاتنی وەرزی پشووی هاوین لە ئەمریکا دابەزیوە.
 
لە رووی خستنەڕووشەوە چاوەڕوان دەکرێت، بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک پڵەس نەوتی زیاتر بخەنەڕوو.
 
(تاماس ڤارگا)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( پی ڤی ئێم ئەسۆسییەت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازرگانانی نەوت چاویان لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسە."
 
بەپێی تاماس، "بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە خستنەڕووی نەوتی زیاتر، هەوڵی بەدەستهێنانی پشکی زیاتر دەدەن و کەمتر لە خەمی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتن."
 
(ئەندرو لیپۆ)، سەرۆکی کۆمپانیایەکی دیکەی راوێژکاری بە ناوی ( لیپۆ ئۆیل ئەسۆسییەت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لەکاتێکدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرەو لاواز بوون دەڕوات، کەچی بەرهەمهێنەرانی نەوت، پلانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان هەیە."
 
لیپۆ دەڵێت: "لەلایەکی دیکەوە بازرگانانی نەوت پێیانوایە جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی، دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت."