خواردنە بەنێوبانگە ئەرژەنتینییەکان چاوەڕوانی سەرکردەکانی جی20 دەکەن

رووداو - ئاژانسەکان

سەرکردەکانی G20 لە میانی کۆبوونەوەیان لە بۆینس ئایرسی ئەرژەنتین، چێژ لە خواردنە بەنێوبانگەکانی ئەو وڵاتە دەبینن، کە پارچە گۆشتی مانگا و پەراسووی مەڕ و ساندویچی سۆسج بەشێکن لەو خواردنانە.

لەکاتێکدا ئەرژەنتین گۆشت هەناردەی چین و ئەمریکا دەکات، دەیەوێت لووتکەی جی20 وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەتامترین گۆشت و بەرهەمە بەنێوبانگەکانی نیشانی سەرکردەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان بدات. 

ئەرژەنتینییەکان شانازی بە گۆشتی خۆماڵی خۆیان دەکەن، کە ئاژاڵەکان لە سەوزایی سرووشتی بەخێودەکەن و زۆربەی جاریش شەرابی سوور بۆ چێشتلێنان بەکاردەهێنن.

تۆمی بیرلبورگەر، ئەو شێفەیە کە خواردنەکانی لووتکەی جی20 ئامادە دەکات، دەڵێت "ئامانج لە ئامادەکردنی لیستی خواردنەکان ئەوەیە، خواردنە بەتامەکانی ئەرژەنتین بۆ میوانان پێشکەشبکەین و بەروبوومە وەرزیی و خواردنە ئەرژەنتینییەکان بۆ میوانان ئامادەبکەین". 

بیرلبورگەر دەشڵێت "خۆشحاڵ دەبین ئەگەر سەرۆکی وڵاتان خواردنەکانیان پێخۆش بێت، چونکە رەنگە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی وڵاتەکانیان ببنە کڕیاری بەرهەمەکانمان".