لە كوردستان پرۆژەكانی بەخێوكردنی قەل لە زیادبووندان

رووداو- هەولێر

عومەر محێدین، پتر لە 20 ساڵە مریشك بەخێودەكات، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی مریشك، بڕیاری دا پیشەكەی بگۆڕێت، ئێستا لە جیاتی مریشك، قەل بەخێو دەكات. عومەر ساڵانە زیاتر لە 50 تۆن گۆشتی قەل دەخاتە بازاڕ. عومەر دەڵێت "بەخێوكردنی قەل قازانجی لە مریشك پترە".

عومەر محێدین، پێنج ساڵ لەمەوبەر پرۆژەیەكی بەخێوكردنی قەل بەناوی پرۆژەی پەلەوەری بڕوا  لەگوندی قەرەچناخەی سەر بەشاری هەولێر، دادەمەزرێنێ‌. عومەر  بۆ دەستكەوتنی جوجەڵەی قەل هێلكە لەفەرەنسا دەهێنێ لەنێو هەڵێنەر بۆ ماوەی 28 رۆژ دایدەنێت و دوای تروكاندنی لەنێو هۆڵی پرۆژەكەی بۆ ماوەی سێ مانگ بەخێویان دەكات.

عومەر گوتی "رەزامەندی هێنانی120 هەزار هێلكەی قەلم لە وەزارەتی كشتوكال وەرگرت ، بۆ هەر وەجبەیەك 10 تاوەكو 14 هەزار هێلكەم لە فەرەنسا دەهێنا و لەهەڵێنەر دامدەنا، دوای توركاندنی لەنێو پرۆژەكەم بۆ ماوەی 90 رۆژە پەروەردەم دەكرد، كێشیان دەبوو بە 7 تاوەكو 8 كیلۆ و دەمخستە بازاڕ".

هەرچەندە لە وەزارەتی كشتوكاڵ رێنمایی بۆ دانانی پڕۆژەی قەل هەیە، بەڵام لەرێنماییەكەدا هیچ زانیارییەك لەسەر چۆنیەتی بەخێوكردنی ئەم پەلەوەرە نەخراوەتەڕوو، بۆیە عومەر محێدین بۆ بەخێوكردنی قەلەكانی پشت بە رێبەر و رێنمایی كۆمپانیایەكی فەرەنسی دەبەستێ.

عومەر محێددین، بەگوتەی خۆی یەكەم كەس بووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە پرۆژەی بەخێوكردنی قەلی دامەزراندوە. عومەر گوتی "بۆ بەخێوكردنی قەلەكان، پشتم بەرێبەر و رێنمایی كۆمپانیا فەرەنسییەكە بەست و لەدانانەوەی هێلكەكان و بەخێوكردنی جوجەڵە قەلەكان توانیم سەركەوتن بەدەست بهێنم".

پرۆژەكەی عومەر هەر سێ مانگ جارێك 3 هەزار قەل دەخاتە بازاڕ، بەڵام گرفتی سەرەكی ئەم خاوەن پرۆژەیە ساخكردنەوەی بەرهەمەكەیەتی، عومەر دەڵێت" لەهەولێر خواست لەسەر گۆشتی قەل هەیە، بەڵام بە بەراورد بەگۆشتی مریشك كەمترە، بۆیە لەكاتی پێگەیشتی قەلەكان ناچارین بەشێكی بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان بنێرین، ئەمەش تێچووی زیاتر لەسەر ئێمە دەكەوێت". گوتیشی "زۆرترین خواست لەسەر گۆشتی قەل لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانییە". 

ئەم خاوەن پرۆژەیە، لەو بڕوایەدایە ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ لەدامەزراندنی پرۆژەی قەل و پێدانی رێنمایی بۆ بەخێوكردنی هاوكاری جوتیاران بكات، لەئایندەیەكی نزیكدا بەدەیان پرۆژەی بەخێوكردنی قەل لەكوردستان دادەمەزرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت "مریشك بە 42 تاوەكو 50 رۆژ بەخێوكردن كێشەكەی دەگاتە نزیكەی سێ‌ كیلۆ و لە بازاڕیش وەك پێویست نرخ ناكات، بەڵام  كێشی قەل بە 15 كیلۆ عەلەف لە ماوەی 90 رۆژ دەبێتە 8 كیلۆ و لەبازاڕیش كیلۆی نزیكەی 5 هەزار دینار دەكات. جگە لەوەش رێژەی مردنی قەل لە مریشك كەمترە، بۆیە لەرووی ئابووریەوە بەخێوكردنی قەل لەمریشك قازانجی زیاترە".

لەدوای سەركەوتنی پرۆژەی عومەر چەند خاوەن كێلگەیەكی دیكەی پەلەوەر پرۆژەكانیان لە مریشكەوە گۆریوە بۆ قەل. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ ، چوار پرۆژەی بەخێوكردنی قەل لە هەرێمی كودستاندت هەن، كە سێیان لە هەولێرن و ئەوەی دیكەشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.

رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت "پڕۆژەی بەخێوكردنی قەل لە كوردستان تازەیە، بۆیە ئێستا تەنیا چەند پرۆژەیەكی بەخێوكردنی قەلمان هەیە كە بەرهەمیان لە پێداویستی ناوخۆ بۆ گۆشتی قەل كەمترە، بۆیە تا ئێستا نرخی گۆشتی قەل لە كوردستان كەمێك بەرزە". گوتیشی "بەپێی رێنماییەكان هاوكاری هەر كەسێك دەكەین كە نیازی دامەزراندنی پرۆژەی قەلی هەبێت".

پرۆژەیەكی كوردی - هۆڵەندی

رەمەزان محەممەد ئاماژەی بەوەدا خواست بۆ دامەزراندنی پرۆژەی بەخێوكردنی قەل هەیە، ئێستا كۆمپانیایەكی ناوخۆ بەهاوكاری كۆمپانیایەكی هۆلەندی پرۆپۆزەلی پرۆژەیەكی گەورەی بەخێوكردنی قەلیان لەهەولێر ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە، پرۆژەكە لەقۆناخی دیراسەكردن دایە، بەپێی پرۆپۆزەلەكەش لەقۆناخی یەكەم لەهەر وەجبەیەك 15 هەزار قەل بەخێودەكەن، دواتر بەگوێرەی پێویستی بازاڕ بەرهەمەكەیان زیاد دەكەن.

عەبدولخالق عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر، دەڵێت "بۆ زیادكردنی بەرهەمی گۆشتی قەل، ئامادەین هەموو هاوكارییەك پێشكەشی پرۆژەكان بكەین بەمەرجێك خاوەن پرۆژەكان پابەندی رێنماییەكان بن لە چۆنیەتی بەخێوكردن و دامەزراندن پرۆژەكانیان".

رێژەی مردنی قەل بەبەراورد بەمریشك لە پرۆژەكانی پەلەوەر كەمترە، بەهۆی بەرگری قەل بۆ نەخۆشییەكان، گۆشتەكەش لەمریشك نرخ باشتر دەكات، بۆیە ئەگەر قەل لە پرۆژەكان بەشێوەیەكی زانستی بەخێوبكرێت قازانجی لە مریشك زیاترە. 

عەبدولخالق عەبدولقادر دەڵێت "بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان بۆمان دەركەوتووە لەشاری هەولێر خواست لەسەر گۆشتی قەلی خۆماڵی زیاترە لە قەلی پرۆژەكان ، چونكە تامی گۆشتەكەی خۆشترە، بۆیە داوا لەخاوەن پرۆژەكانی قەل دەكەین، لەرێگەی گۆرینی خۆراك و هەواگۆركی پڕۆژەكانیان هەوڵبدەن تامی گۆشتی قەلی پرۆژەكانیان نزیك بكەنەوە لەگۆشتی قەلی خۆماڵی تاوەكو خواستی زیاتر بكەوێتە سەر بەرهەمەكانیان و گرفتی بەبازاڕكردنیان نەمێنێ".