20%ـی پێڵاوی تورکیا لە دیلۆکی باکووری کوردستان دروستدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

دیلۆکی باکووری کوردستان بەتەنیا 20%ـی پێڵاو و نەعلەکانی تورکیای لێ دروستدەکرێت و زۆربەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن. ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو دوو ساڵی داهاتوو هەناردەکردنیان بگاتە نیو ملیار دۆلار.
 
پیشەسازیی پێڵاو، پیشەیەکی سەرەکییە لە دیلۆکی باکووری کوردستان، لەساڵی 2020 بە بڕی 101 ملیۆن دۆلار پێڵاو و نەعل لەو پارێزگایەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
 

محەممەد ئەمین ئینجێ، سەرۆکی ژووری پیشەسازانی دیلۆک رایگەیاند، دیلۆک بووەتە شوێنێکی تایبەت لە تورکیا بۆ دروستکردنی پێڵاو و نەعل و بە تەنیا ساڵانە نزیکەی 20%ـی پێڵاو و نەعلەکانی دروستکراو لەو وڵاتە، هەناردە دەکات.
 
هەناردەکردنی پیڵاو و نەعلی دیلۆک لەساڵی 2019 بڕی 124 ملیۆن دۆلار بووە. پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2020 بەرزتر بێتەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بۆ 101 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و لەو ساڵەدا 106 ملیۆن جووت پێڵاو و نەعل لەو پارێزگایەوە هەناردەی دەرەوە کراون.
 

وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرترین هاوردەکاری پێڵاوی تورکی بوون، بەتایبەت عێراق. محەممەد ئەمین ئینجێ دەڵێت، وڵاتانی ئاسیای ناوین و رووسیا لەدوای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پلەی دووەمی هاوردەکارانی پێڵاوی تورکیان.
 
بەگوتەی سەرۆکی ژووری کار و پیشەسازیی دیلۆک، ئامانجی خاوەنکار و بەرهەمهێنەرانی پێڵاو لە دیلۆک ئەوەیە کە تاوەکو ساڵی 2023 هەناردەکردنی ساڵانەیان بگاتە 500 ملیۆن دۆلار.