بەهای دیناری عێراقی کەمێک بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 169500 دینارە
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ دووشەممە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد، 100 دۆلار گەیشتە 169 هەزار دینار، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەهای دینار کەمێک بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 168 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، 31-01-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهای دیناری عێراقی بەراورد بە دوێنێ بەرزبووەتەوە و 100 دۆلاری ئەمریکی بەیانیی ئەمڕۆ بە 169 هەزار دینار دەکڕدرا، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 100 دۆلار بووە 168 هەزار و 500 دیناری عێراقی.
سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی دینار لە مڕۆدا، حاجی سابیر گوتی: "بانکی ناوەندیی عێراق کەمتر لە 70 ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو، بۆیە تاوەکو بەو بڕە کەمە دۆلار بخاتەڕوو هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و رۆژانە هەزار دینار و زیاتر دادەبەزێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لەبارەی گۆڕینەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە لە دۆلارەوە بۆ دینار کە دوێنێ داواکاریی لەسەر دۆلاری کەمکردەوە، باسی لەوەکرد کە "لەبەر داخستنی ژمارەیەک شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا ئێستا لە هەرێمی کوردستان داواکاریی زیاتر لەسەر دۆلار هەیە."
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.