رووداو - سلێمانی
کتێبی "جەنەراڵ بارزانی لە یادەوەرییەکاندا،" کە باس لە هەڵویست و چەند وێستگەیەکی ژیانی مەلا مستەفا بارزانی دەکات، لە سلێمانی بڵاودەکرێتەوە. کتێبەکە لەلایەن رۆژنامەڤان کاوە ئەمین، پێشکێشکاری بەرنامەی "پەنجەمۆر"ی تۆڕی میدیایی رووداو نووسراوە.
لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە کاوە ئەمین گوتی، "ئەم کتێبە جیاوازییەکەی ئەوەیە کە تەنها کورد نین ئەوانەی باسی مەلا مستەفا دەکەن و باس لە مێژوویەکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو دیدی چەندین کەسایەتیی جیاوازە لە بیانی و کورد، کە هەریەکەو ماوەیەک لەگەڵی ژیاون یان سەردانیان کردووە، یاخود چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردووە."
بە گوتەی نووسەری کتێبەکە، بەشێکی ئەو کەسانەی باس لە مەلا مستەفا دەکەن، بیانین، بەتایبەت سوێدین.
کتێبی "جەنەراڵ بارزانی لە یادەوەرییەکاندا" لەلایەن رێکخراوی کوردستان دیالۆگەوە چاپ کراوە و ئەمڕۆ 13-03-2024 لە رێوڕەسمێکدا لە سینەما سالم بڵاودەکرێتەوە. لەلایەن هەریەکە لە د. دلێر شاوەیس و د. ماجید خەلیل باسێک لەبارەی کتێبەکەوە پێشکێش دەکرێت.


