رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراقى زیاتر لە 487 ملیار دینار قەزردارە. دەشڵێت، لەکۆى 38 فڕۆکەى کۆمپانیاکەش، 18یان پەکیان کەوتووە، هەروەها گرێبەستى "بێ سوود"ـی لەگەڵ سێ کۆمپانیا کردووە.
رۆژی 24ـى ئایارى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق راپۆرتێکى لەبارەى لێکۆڵینەوەیان لەسەر کارەکانى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراقى و گرێبەستەکانى لە بوارە جیاوازەکانى پەیوەندیدار بە کارى کۆمپانیاکەوە بڵاوکردەوە. بەگوێرەى راپۆرتەکە؛ چەندین لادان و پێشێلکارى لە کار و گرێبەستەکانى ئەو کۆمپانیایەدا روویداوە لەنێوان ساڵانى 2004 بۆ 2023.
کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق، تەنیا کۆمپانیاى فەرمى و حکومیى سەرپەرشتیارى گەشتە ئاسمانییەکانى عێراقە لە رێگەى فڕۆکەخانەکانییەوە، لە ساڵى 1945 دامەزراوە.
"گرێبەستى بێ سوود"
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرایکردووە، کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق سێ گرێبەستى کارکردنى هاوبەشى واژۆ کردووە لەگەڵ کۆمپانیا بیانى و نێوخۆییەکاندا بەبێ ئەوەى سوودى هەبووبێت.
یەکێک لە گرێبەستەکان کە کۆمپانیاى فڕۆکەوانیى عێراق کردوویەتی بۆ گواستنەوەى کارگۆ، رێژەى قازانجى کۆمپانیاکە 75% بووە و تەنیا 26%ـى قازانجى بۆ کۆمپانیا عێراقییەکە بووە، بەجۆرێک کۆمپانیا بیانییەکە تەنیا پێنج کاروان دەرمانى بۆ وەزارەتى تەندروستیى عێراق بردووە لەکاتى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا.
دەستەى دەستپاکی ئاماژەى بەوەداوە، ئەو کۆمپانیایە گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاى مەنزیزى بەریتانى کردووە بۆ پێشکێشکردنى خزمەتگوزاریى زەوینى بۆ فڕۆکەخانەى بەغدا و موسڵ، بەهۆیەوە کۆمپانیا عێراقییەکە زیاتر لە 36 ملیۆن و 556 هەزار دۆلار زیانى بەرکەوتووە.
نیوەى فڕۆکەکان وەستاون
لە راپۆرتەکەى دەستەى دەستپاکیدا هاتووە، حەوت جۆرى جیاوازى فڕۆکە بۆ کۆمپانیاکە وایکردووە کێشە بۆ چاککردنەوەیان دروست بێت و بەهۆیەوە لەکۆى 35 فڕۆکە، 18یان لەکارکەوتوون و ئەوەشی بەستووەتەوە بە "خراپیى بەڕێوەبردن و پلاندانانەوە".
دەستەى دەستپاکى لە راپۆرتەکەیدا پێشنیازى کردووە چاو بە پەیکەرى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراقى بخشێندرێتەوە و ئەو خزمەتگوزارییەى کە پێشکێشی دەکات بەراورد بە ژمارەى فەرمانبەرەکانى لەئاستى پێویستدا نییە، بەو پێیەى 4149 فەمانبەرى هەیە، کە ئەمەش دوو ئەوەندەى پێویستیى کۆمپانیاکەیە.
قەرزەکانى لە نیو ترلیۆن دینار نزیک بوونەتەوە
دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە، لە ساڵى 2012ـەوە تاوەکو 2023، قەرزە کەڵەکەبووەکانى کەرتى گشتى لەسەر کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیى عێراقی گەیشتووەتە (195.7) ملیار دینار و 128 ملیۆن دۆلار ( 185.8ملیار دینار)، ئەوە جگە لە سوودى ئەو قەرزانە کە بەهۆى درەنگ دانەوەیان دەکەوێتەسەرى، گەیشتووەتە 67.3 ملیۆن دۆلار ( 97.5 ملیار دینار) کە پێکەوە زیاتر لە 487.8 ملیار دینار دەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە بە گوێرەى راپۆرتەکە؛ بڕى ئەو قەرزەى کە کۆمپانیاى فڕۆکەوانیى عێراقى هەیەتى لەسەر فەرمانگەکانى دەوڵەت لە نێوان ساڵانى 2004 بۆ 2023، گەیشتووەتە 3.6 ملیار دینار و 18.5 ملیۆن دۆلار (26.9 ملیار دینار) کە پێکەوە دەکاتە زیاتر لە 30 ملیار دینار.




.jpg&w=3840&q=75)