رووداو دیجیتاڵ
لەسەرەتای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک، رووی لە بەرزبوونەوە کرد.
رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر ئاستی قەرزەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1-6-2023) هەستێکی ئەرێنی خستە نێو بازاڕەکانی نەوتەوە.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت لە 72 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 73 دۆلار و 8 سەنت، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش لە 67 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 68 دۆلار و 47 سەنت.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، هەفتەی رابردوو 5.2 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە. ئەمڕۆش داتا فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر قەبارەی نەوتی کۆگاکراو، بڵاودەبنەوە و پێشبینیدەکرێت بازاڕی نەوت کاریگەری پێیانەوە نیشانبدات.
وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت ئێستا چاویان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس و بڕیارەکانیێتی، کە بڕیارە رۆژی 4ـی ئەم مانگە، کۆببێتەوە.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپێک، لە کۆبوونەوەی پێشوویاندا لە مانگی نیسان، بڕیاریاندا رۆژانە 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕدا کەمبکەنەوە.
ئەمجارە شرۆڤەکاران بەدووری دەزانن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی خۆیدا بکات.



