رووداو دیجیتاڵ
دوای راگیرانی وەرگرتنی گەنم لە هەڵەبجە و گەرمیان، بەرپرسانی کشتوکاڵی هەردوو ناوچەکە دەڵێن، داواکانیان جێبەجێکراوە و وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکاتەوە.
پشکی هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ 18 هەزار تۆن دیاری کرابوو، بەڵام دواتر کەمکرایەوە بۆ 12 هەزار تۆن و ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە وەرگرتنی گەنم لە سنوورەکە راگیرابوو. رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2023، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای هەوڵەکانمان، داواکارییەکەمان جێبەجێکرا و بڕی وەرگرتنی گەنم وەک پێشتری لێکرایەوە کە 18 هەزار تۆن بوو".
ستار مەحموود گوتیشی، ئەمڕۆ لە نزیک کاژێر 10:30 وەرگرتنی گەنم لە سنووری هەڵەبجە دەستیپێکردەوە و بەگوێرەی پلانی پێشتر بەردەوام دەبێت.
وەرگرتنی گەنمی پشکی سنووری گەرمیان 36 هەزار تۆن دیاری کرابوو، بەڵام کەمکرابووەوە بۆ 32 هەزار تۆن و بەهۆیەوە ناڕەزایی جووتیارانی لێکەوتەوە و، سێ رۆژە وەرگرتنی گەنم راگیراوە.
ئەمڕۆ مەریوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ناڕەزاییەکان، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی بۆ گەڕانەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم لە گەرمیان بۆ دۆخی پێش خۆی کە 36 هەزار تۆنە.
بەڕێوەبەری پلاندانانی گەرمیان لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی وەرگرتنی گەنم گوتی، "بە ئەگەرێکی زۆر، ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکاتەوە؛ ئەمڕۆش نەبێت، بەدڵنیاییەوە سبەی دەستپێدەکاتەوە".
بەگوێرەی پێشبینیی کشتوکاڵی ناوچەکان، لە هەڵەبجە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 40 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم هەبێت؛ لە گەرمیانیش پێشبینیی 100 هەزار تۆن دەکرێت.
سەرەتا حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو 375 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام دواتر بڕیاردرا 500 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت.
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت؛ جووتیاران نرخەکەیان پێ گونجاوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی هەموو بڕە گەنمەکەیان لێ وەرناگیرێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.
ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە.



.jpg&w=3840&q=75)