رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشنیاز بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى زیاد دەکات و پێشنیاز دەکات 1% بۆ 15% رسوومات بخرێتە سەر نەوت و بەنزین؛ هەروەها پێشنیاز دەکات بڕى 25 هەزار دینار وەک باج بۆ هەر گەشتیارێکى دەرەکى لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی وەربگیرێت.
هەر گەشتێکى ئاسمانی بۆ دەرەوە 25 هەزار دینارى لێ وەربگیرێت. ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت، "کۆمپانیاکان دژى ئەو رسووماتەن و ئەگەر هەیە لە دەنگداندا رەتبکرێتەوە."
بەگوێرەى رەشنووسى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق، لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازێکى بۆ مادەى 42ى ئەو پڕۆژەیە زیادکردووە و پێشنیاز دەکات رسوومات بخرێتە سەر داهاتى بەنزین و گازى سرووشتى و نەوتى رەش.
لە پێشنیازەکەدا هاتووە کە 5%ى رسوومات بخرێتە سەر یەک لیتر بەنزین، 10%ى رسوومات بخرێتەر سەر گازى سرووشتى بۆ یەک لیتر، 1%ى رسوومات بخرێتە سەر تێکڕاى داهاتى فرۆشى نەوتى رەش، هەروەها 15%ى پارەى یەک لیترى بەرهەمى نەوتى هاوردەکراو وەک باج وەربگیرێت.
رۆژی 9ى حوزەیرانى 2023، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو باجە کەرتى حکومى دەگرێتەوە نەک کەرتى تایبەت و دەخرێتە سەر کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر نرخەکە نەبێت."
خەلیل دۆسکى گوتیشی، "کۆمپانیاکان ئەو پێشنیازە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆیان لە بنەڕەتدا زەرەر دەکەن؛ بۆیە ئەگەر هەیە لە کاتى دەنگدان ئەو پێشنیازە رەتبکرێتەوە."
بەگوێرەى پێشنيازەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕى 25 هەزار دینار وەک باج بۆ هەر گەشتیارێکى دەرەکى لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی وەردەگیرێت، کە 90%ى بۆ گەنجینەى گشتى و 10%ى بۆ دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى دەبێت بۆ ئەوەى لەپەرەپێدانى فڕۆکەخانەکاندا خەرجى بکات.



