رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵاوتنی نەوتی خاوی کەرکووکی لە پاڵاوگەی کار لە هەولێر راگرت و بڕیارەکە لە دوێنی دووشەممەوە جێبەجێکرا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند "وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت بۆ لەمەودوا نەوتی کێڵگەی خورمەڵە بۆ پێداویستییەکانی پارێزگای نەینەوا دابینبکات."
رۆژی سێشەممە، 27-6-2023، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی راگرتنی ناردنی نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ پاڵاوتنی لە پاڵاوگەی کار لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "لە رۆژی دووشەممەوە ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەوانەی شاری هەولێر دەکرا بۆ ئەوەی لە پاڵاوگەی کار بپاڵێورێت، راگیراوە، کە بڕەکەی رۆژانە لەنێوان 55 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بووە، پێشتر لە رێگەی بۆرییەوە رەوانە دەکرا."
بەپێی سەرچاوەکە، ئەو نەوتەی لە هەولێر دەپاڵێورا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی 8 دۆلار وەردەگیرا.
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی، سەرچاوەکە روونیکردەوە: "عێراق دەیەوێت پێداویستییی سووتەمەنیی پارێزگای نەینەوا لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵەوە دابینبکات و بۆ ئەوەش پشتبەستووە بە یاسای بودجەی عێراق، کە دوێنێ لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە. لە یاساکەدا بابەتە نەوتییەکانیش هەن، کە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە نەوتی کوردستان لە نێوخۆدا بەکاربێت."
بەپێی سەرچاوەکە هێشتا ئەو نەوتەی لە کەرکووکەوە کە لە رێگەی تانکەرەوە رەوانەی پاڵاوگەی قەیوان لە سلێمانی دەکرێت و رۆژانە لەنێوان 35 بۆ 38 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەبێت، بەردەوامە.
لەدوای ساڵی 2014ـەوە و بەهۆی نەبوونی پاڵاوگە و تێکدانی پاڵاوگەی بێجییەوە و دەستبەرداگرتنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەپێی دوو گرێبەستی جیا نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رەوانەی هەردوو پاڵاوگەی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێر و قەیوان لە سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی بپاڵێورێن.



