رووداو دیجیتاڵ
داهاتى نەوتى عێراق لە مانگى تەممووزدا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە و یەک ملیار دۆلارى لە مانگى حوزەیران زیاتر بووە، بڕى نەوتى هەناردەکراویش شەش ملیۆن بەرمیل زیادى کردووە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "ئەو زیادبوونە بۆ قەرەبووکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە."
وەزارەتى نەوتى عێراق ئامارى هەناردە و داهاتى نەوتى بۆ مانگى تەممووز بڵاوکردەوە و لەو مانگەدا 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، لە کاتێکدا مانگى حوزەیرانى رابردوو بڕى نەوتى هەناردەکراو 100 ملیۆن و 52 هەزار و 59 بەرمیل بووە.
داهاتى نەوتى هەناردەکراوى مانگى تەممووز کە نرخى هەر بەرمیلێکى 77.69 دۆلار بووە، هەشت ملیار و 293 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا داهاتى نەوتى هەناردەکراوى مانگى حوزەیران حەوت ملیار و 179 ملیۆن دۆلار بووە؛ واتە داهاتەکە یەک ملیار دۆلار زیادی کردووە.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "زیادبوونى داهاتى نەوتى عێراق، بەهۆی زیادکردنی هەناردەی نەوتەوە بووە."
بەگوێرەى ئامارەکەى وەزارەتى نەوت، لەو بڕە نەوتە 344 هەزار و 804 بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە بۆ ئوردن هەناردەکراوە و لە کێڵگەى گەیارەش لە نەینەوا 922 هەزار و 755 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
خەلیل دۆسیکى گوتیشی، "ئەو زیادبوونە لە هەناردەى نەوتى عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانە."
تێکڕاى ئەو نەوتەی کە رۆژانە عێراق لە مانگى تەممووزدا هەناردە کراوە، سێ ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل بووە، ئەمەش 56 هەزار بەرمیلى لەو بڕە کەمترە، کە لە یاساى بودجەدا هاتووە و پێویستە هەناردە بکرێت بۆ پڕکردنەوەى پێویستیى دارایی بودجە، کە نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە.
لە 25ى ئادارى 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.




