رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە 18 بۆ 25ى ئاب، یەکەم پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراقى بە تەواوى بنێردرێت، کە زیاتر لە یەک تریلیۆن و 250 ملیار دینارە، لەکاتێکدا لیژنەیەکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە هەرێمى کوردستانە بۆ وردبینیکردنى خەرجى و داهات و راپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە دەکەن.
رۆژی 10ى ئابى 2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆ یەکەمجار هەرێمى کوردستان پشکى خۆى بەگوێرەى یاساى کارگێڕیی دارایی بە تەواوى وەردەگرێت، کە مانگانە تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە بەبێ داهاتى ناوخۆ."
نەرمین مەعرووف گوتیشى: "دیار نییە شێوازى پاکتاوکردنى پارەى مانگەکانى رابردوو لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى چۆن دەبێت، لەکاتێکدا بەغدا نزیکەى دوو تریلیۆن و 500 ملیارى ناردووە، بەڵام پشکى هەرێمى کوردستانى ئەو مانگانەى خەرج نەکردووە، بەهۆى نەبوونى پارەى پێویستى نەختینەوە، ئەگەر هەیە بەغدا نەتوانێت هەموو ئەو پارانەى هەرێمى کوردستان کە لەلایەتى جگە لە بودجەى مانگانە بە یەک گوژمە بینێرێت".
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا، وادەى خەرجکردنى بودجەى هەرێمى کوردستان لە نێوان 18 بۆ 25ى مانگدا دەبێت، کە لەو ماوەیەدا لیستى مووچەى فەرمانبەران لە عێراق خەرج دەکرێت.
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: زیاتر لە 700 ملیار دینارى پشکى هەرێمى کوردستان بۆ مووچەى فەرمانبەرانە و ئەوى دیکەى پشکى بودجەى وەبەرهێنانە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـی حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق بکات. عێراق ئەو نەوتە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکاردەهێنێت، ئەوە جگە لە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و وردبینیکردنى خەرجی و داهات لەلایەن لیژنەى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق.
10ى ئابى 2023 هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لیژنەکەى دیوانى چاودێرى دارایی کە هەفتەیەکە لە هەرێمى کوردستانە بەهاوبەشی لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان کاردەکەن و سەردانى زۆربەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەر بە وەزارەتى داراییان کردووە، لە ماوەى هەفتەیەک بۆ 10 رۆژى دیکە راپۆرتەکەیان لەبارەى خەرجى و داهات ئامادە دەکەن و دەیدەنە وەزارەتى دارایی و ئەنجوومەنى وەیزرانى عێراق".
هونەر جەمال گوتیشى: "خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان هاوکات دەبێت لەگەڵ دابەشکردنى مووچە و بودجەى پارێزگاکانى عێراق کە لە نێوان 18 بۆ 25ى مانگدا دەبێت".
3ى ئابى 2023 ، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز نارد.
7ى ئابى 2023، رێنوێنیی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.




