رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە، وەک هاندان و بە ئامانجی بەردەوامبوون لە خوێندن، بڕە پارەیەک دەداتە ئەو قوتابییانەی کە باری داراییان باش نییە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە (2023-2024)، بڕە پارەیەک وەک هاندان دەدرێتە ئەو قوتابییانەی کە باری داراییان باش نییە، تاوەکو درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن، بەشێوەیەک قوتابیی سەرەتایی 30 هەزار دینار و ناوەندی و ئامادەیی 50 هەزار دیناری پێدەدرێت.
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، مەرجی سەرەکیی پێدانی پارەکە بەو قوتابییانە بریتییە لەوەی باوک و دایکیان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەبێت و لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق نووسراوێکی پشتیگیری بهێنێت. گوتیشی، لە یاسای بودجەی گشتیی 2023دا بڕە پارەیەک بۆ ئەو بابەتە تەرخانکراوە و لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەکەوێتەبواری جێبەجێکردنەوە.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، لە رێگەی کارگێڕیی قوتابخانەکانەوە زانیاری لەسەر قوتابیانە وەردەگیرێت کە هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە و گوتیشی، لەسەرەتای ئەمساڵی خوێندن بێ دواکەوتن پارەکە دابەش بکرێت.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، "پێدانی ئەو بڕە پارەیە وادەکات وازهێنان لە قوتابخانە نەمێنێت، رۆڵی خێزانیش بەهێز دەکات لە بەدواداچوونی منداڵەکانیان کە خێزانەکان لەسەر بنەمای بەردەوامی قوتابییەکانیان لە خوێندن مووچەیەکیان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەدرێت. هەر کاتێک قوتابییەکە وازی لە خوێندن هێنا پارەکەی دەبڕدرێت".
لە 2022 دا نزیکەی 11 ملیۆن و 450 هەزار قوتابی لە عێراق هەبوون.


.jpg&w=3840&q=75)
