رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەکردن بە دۆلار لەنێوخۆی عێراقدا کۆمپانیاکان بە مامەڵەکردن بە دراوی نێوخۆیی پابەند دەکەن؛ دەشڵێت 90٪ـی فرۆشتنی دۆلار لەرێگەی بانکی ناوەندییەوە دەکرێت و کێشە لە 10٪ـی فرۆشتنی رۆژانەی دۆلارە کە بۆ گەشتیاران تەرخانکراوە و هەندێک لایەنی تاوانکار دەیانەوێت دەست بەسەر ئەو رێژەیەدا بگرن.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق باسی ژمارەیەک دۆسیەی دارایی و بانکی کردووە. لەبارەی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتنی دۆلار، عەلی عەللاق دەڵێت، "سەکۆی ئەلیکترۆنیی فرۆشتنی دۆلار لە سەرەتاوە زەحمەتیی زۆری تێدا بوو و وایکرد هەندێک لێی دووربکەونەوە، بەڵام پابەندبوون پێوەی لە 20٪ـەوە بۆ 95٪ زیادیکردووە."
عەلی عەللاق دەشڵێت، "چوونە نێو سەکۆکەوە لە بابەتی حەواڵەکردنی دەرەکی، لایەنەکان لە مەترسییەکانی رووبەڕووبونەوە لەگەڵ سزا نێوخۆ و نێودەوڵەتییەکان بەدووربگرێت."
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار و رێژەکەی لە بازاڕدا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "رێژەی 90٪ـی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵەی دەرەکییە، کارەکە زۆر ئاسانە و هەر دۆلارێک بە بەهای هەزار و 320 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام کێشەکە لە رێژەی 10٪ـیەکەیە کە فرۆشی رۆژانەی نێوخۆییە. ئەو رێژەیە پێداویستی گەشتیاران پڕدەکاتەوە، بەڵام هەندێک دەیانەوێت هەژموونیان لەسەر ئەو بڕە پارەیە هەبێت کە بۆ گەشتیاران تەرخانکراوە، ئەوەش گوشار دروستدەکات، ئەو لایانانەش دیاریکراون و کاری ناڕەوای تاوانکاری دەکەن."
حەواڵە دەکرێتە راستەوخۆ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەشی رەتکردەوە کە هیچ رێنماییەک بۆ راگرتنی فرۆشتنی دۆلار بۆ گەشتیاران هەبێت و باسی رێکارە نوێیەکانی بانکەکەی دەکات بۆ حەواڵەکردنی پارە و دەڵێت، "ساڵی داهاتوو بانکی ناوەندی وەکو نێوەندگیر لەنێوان بانکەکان نامێنێت و حەواڵەکردنی ئەلیکترۆنی راستەوخۆ لەنێوان بانکە عێراقییەکان و ئەو بانکانە دەبێت کە پارەیان بۆ رەوانە دەکرێت، کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتی لەنێوانیاندا دەبێت"؛ دەشڵێت، "ئەو کارە ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت و حەواڵەکردن راستەوخۆ دەبێت وەکو ئەوەی لە جیهاندا پشتپێبەستراوە."
لەبارەی گۆڕانکاریی بەهای دیناری عێراق و زەرەرمەندبوونی عێراقیش لەو رێکارە، عەلی عەللاق دەڵێت، "بەستنەوەی بەهای دراو بە پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی تێڕوانینێکی ورد نییە و بانکی ناوەندی بەرپرسە لە دیاریکردنی سیاسەتی دارایی و بەهای دراو. ئەو کەسەش دەڵێت عێراق بڕی 27 تریلیۆن دینار لە جیاوازیی بەهای دینار و دۆلار زیانی بەرکەوتووە، هەڵەیە و 30٪ـی داهاتەکانی نەوت ناچێتە بانکی ناوەندییەوە، چونکە وەزارەتی دارایی بۆ پارەپێدانی دەرەکی تەرخانی دەکات."
ئەمریکا ئاسوودەیە و بازرگانی لەگەڵ ئێران رێکدەخرێتەوە
عەلی عەللاق، لە بابەتی بەهای دۆلار، ئەو بڕەی دەخرێتە بازاڕەوە، مامەڵە لەگەڵ بانکەکان و ئەو سزایانەی لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتەسەر بەشێک لە بانکەکان و لە وەرگرتنی دۆلار بێبەشکراون، دەڵێت "ئەمریکا لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە رێکخستنی حەواڵەکردنی دەرەکی ئاسوودەیە."
عەلی عەللاق دەشڵێت، "بانکی ناوەندی پێداچوونەوە و وردبینی لە دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکانی ئەو 14 بانکە دەکات کە سزایان بەسەردا سەپێنرا و بێبەشکران لە وەرگرتنی دۆلار. ئەو بانکانەش وەڵامدانەوەیان بۆ پێوەرەکان هەیە."
سەبارەت بە بازرگانی لەگەڵ ئێران، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "گوتوبێژمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە بەردەوامی و رێکخراوی هەیە بۆ رێکخستنی هاوردەکردن بەو شێوەیەی پێچەوانەی سزا و رێککەوتنەکان نەبێت. بانکی ناوەندی لەبارەی رێکخستنی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەگاتە داڕشتنێکی روون و بەشێکیشی لەرێگەی ئاڵوگۆڕەوە دەبێت."
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەشڵێت،" رێککەوتنێکی نوێ بۆ دانەوەی قەرزەکانی ئێران لەسەر عێراق کراوە لەبری ئەو گازەی ئێران هەناردەی عێراقی دەکات و لەرێگەیەوە قەرزەکان یەکلایی دەکرێنەوە."
جگە لە دۆلار، چوار دراوی دیکەش دەدرێت
لەبارەی پشتبەستن بە پارەی نوێ لە سەکۆی فرۆشتنی دراوە بیانییەکاندا، عەلی عەللاق دەڵێت، "بەنیازین درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، روپیەی هیندی، یۆرۆی ئەوروپی وەکو بەشێک لە رێکارەکانی ئاسانکردنی حەواڵەی دەرەکی بخرێنە نێو پەنجەرەی فرۆشتنی راستەوخۆ، هیندستان بەنموونە تەرازووی بازرگانی لەگەڵیدا دەگاتە سێ ملیار دۆلار، هەروەها هاوردەکردن لەگەڵ ئیمارات و تورکیاش زۆرە."
دەشڵێت، "بانکی ناوەندی گەیشتووەتە ئاستی پێشکەوتوو لە لێکتێگەیشتنەکان لە پشتبەستنی دراوی ئەو وڵاتانە کە حەواڵەکردنی دەرەکی ئاسان دەکات."



