رووداو دیجیتاڵ
هەفتەى داهاتوو وەزارەتى بازرگانیى عێراق دوایین گوژمەى شایستەى دارایی جووتیاران بۆ ئەم ساڵ خەرج دەکات. بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بازرگانیى هەرێمى کوردستان دەڵێت: "لەگەڵ ئەو گوژمەیە، ئەو پارەیەى گەنمى جووتیاران کە ماوە خەرج دەکرێت، کە 167 ملیار دینارە".
رۆژی 5ـى تشرینى یەکەمى 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەفتەى داهاتوو مامەڵەى خەرجکردنى ئەو پارەیەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2023 دەستپێدەکات کە هێشتا وەزارەتى بازرگانیى عێراق خەرجى نەکردووە کە بڕەکەى زیاتر لە 167 ملیار دینارە.
پارەى بەرهەمى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2023، 411 ملیار دینار بوو، وەزارەتى بازرگانیى عێراق 243 ملیار دینارى ناردووە و 167 ملیارو 24 ملیۆن دینارى ماوە خەرج بکرێت.
5ـی تشرینى یەکەمى 2023، ئەسیر غەریرى، وەزیرى بازرگانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەفتەى داهاتوو دوایین گوژمەى شایستەى جووتیاران لە عێراق بۆ ساڵى 2023 خەرج دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەى بەوەدا "هەفتەى داهاتوو بەغدا چەکى خەرجکردنى ئەو پارەیە دەنێرێت بۆ هەرێمى کوردستان و لەدواى رادەستکردنى بە بانکى ناوەندیى هەرێم، لە ماوەى 72 کاژێردا راستاندنى دەرچوونى بۆ دەکرێت لە رێگەى وەزارەتى بازرگانیى عێراقەوە، بەرلەوەى پارەکە خەرج بکرێت".
بەرهەمى گەنمى ساڵى 2023 لە عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن بوو، کە زیاتر لە 500 هەزار تۆنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بوو کە لە سایلۆکان وەرگیراون.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەدا کە بەرهەمى گەنمی جووتیارانى هەرێمى کوردستان لەو بڕە زیاتر بووە و گەیشتووەتە 750 هەزار تۆن، بەڵام 500 هەزار تۆنى لە سایلۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون.



