رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزی، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و، بە 1919 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت 34 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 90 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بە بڕی 41 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 87 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی هەیینی، دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو، بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ وڵاتانی دیکە، نرخی نەوت بەڕێژەی 6٪ بەرزبووەوە و بەگشتی لە هەفتەی رابردووشدا نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی نزیکەی 8٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
هیرۆکی کیکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێن ئێس ترەیدینگ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی نەوت چاوەڕێن بزانن هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ نێو کەرتی غەززە چی بەسەر دێت، هەروەها شەڕەکە چۆن پەرەدەستێنێت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکە، پێشتر نرخەکانی نەوتی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی 90 دۆلار، بەڵام ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە رووبدات، ئەوا ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار لە ئارادایە.
بەو پێیەی ئیسرائیل نەوت بەرهەمناهێنێت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا، بەڵام نیگەرانی لە پەرەسەندنی شەڕەکە بە گشتی گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە.
نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1919 دۆلار دابەزی
دوای ئەوەی نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 3٪ بەرزبووەوە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-10-2023) لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و بە 1919 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران؛ دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ کاتییە و ئەگەر هەیە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دووبارە روو لە بەرزبوونەوە بکات، وەک چۆن رۆژی هەینی هەر ئۆنسەیەکی تاوەکو 1933 دۆلار بەرزببووە.
شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان پێیانوایە؛ سەرەڕای دابەزینەکانی ئەمڕۆش، لەبەرئەوەی نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو توانی ئاستی 1929 دۆلار دەربازبکات کە بە ئاستێکی هەستیار بۆ نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە.
بەپێی شرۆڤەکاران ئەگەر ئاراستەی دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ بەردەوام بوو، ئەگەر هەیە نرخەکەی تەنانەت بۆ خوارەوەی 1900 دۆلار داببەزێت، لەکاتێکیشدا ئەگەر توانی ئاستەکانی ئێستا دەربازبکات، دەتوانێت تاوەکو 1947 دۆلاریش بەرزببێتەوە.
رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەبەر تەشەنەکردنی شەڕی نێوان حەماس و فەلەستین کەموێنە بوو، نرخی کانزای زەرد بە تەنیا لەو رۆژەدا لە هەر ئۆنسەیەک زیاتر لە 100 دۆلار بەرزبووەوە و لە 1822 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1932 دۆلار.



.jpg&w=3840&q=75)