رووداو دیجیتاڵ
'حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنیێتیی پارەدان و کۆکردنەوەی داهات دەگۆڕێت' ئەمە گوتەی مەسرور بارزانی بوو ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ئابووری لە هەولێر.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ساڵانەی بانکەکانی عێراق لە هەولێر رایگەیاند، نەبوونی متمانەی خەڵک بە بانکەکان زۆر هۆکاری لەپشتە، لەسەروویانەوە ناسەقامگیریی دۆخی ئابووری و سیاسیی وڵات، هەروەها تەشەنەسەندنی گەندەڵی بەشێوەیەکی فراوان.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ (شەممە، 21-10-2023) لە کۆنفرانسەکەدا لە هەولێر راشیگەیاند "لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو یارمەتییەکی بانکەکان دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین متمانە لەنێوان بانکەکان و هاووڵاتییان دروست بکەین... بانکەکانیش پێویستە خزمەتگوزارییەکانیان فراوان بکەن."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رووبەڕووی سپیکردنەوەی پارە دەبینەوە.''
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانیش مەسرور بارزانی دەڵێ، هاووڵاتیانمان لە داهاتوودا بەخێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن، بۆ نموونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی. هەروەها حکومەت چۆنیەتیی پارەدان و کۆکردنەوەی داهات دەگۆڕێت.
دوای ئاماژەدان بەوەی "لە ساڵانی داهاتوودا خزمەتگوزاریی بانکی بۆ سەدان هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بەردەست دەبێت'' مەسرور بارزانی گوتیشی "کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پارەدان لە رێگەی کارتی بانکییەوە لە سوپەرمارکێت و دووکانەکان بەردەست بن."
لە کۆنفرانسەدا کە عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی هەروەها بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد "ساڵانێکی زۆرە لەنێو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت؟ ئێمە، یان بانکەکان؟ لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتییە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکیی بەهێز."
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای دلۆڤان
ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم کۆنفرانسە گرنگە کە تەرخان کراوە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی سیستەمی بانکی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بەتایبەتی بانکەکانی کەرتی تایبەت.
بەخێرهاتنی هەموو میوانانی بەڕێز دەکەم بەتایبەتی بەڕێز عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق.
دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم کە بابەتێکی زۆر گرنگیان هەڵبژاردووە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردن، بەتایبەتی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردن و پێشخستن و کاراکردنی کەرتی بانکی پێویستییەکی هەرە لە پێشە بۆ هێنانەدی گەشەپێدانی ئابووری.
دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکیی بانکی، ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابووریی هەرێمەکەمان.
لێرەدا، پێمخۆشە هەندێک لە پلانەکانمان دەربارەی چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێوەدا باس بکەم.
لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سرەدا بن. بەڵکو لە رۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان.
هەروەها بازرگانەکانیش چیتر ناچار نابن بە قەبارەیەکی زۆر پارە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، بەڵکو دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین چاودێری حیسابی بانکیان بکەن و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان ئەنجامبدەن.
هەروەها ئەو کەسانەش کە قەرزی بچووکیان بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دەوێت، رووبەڕووی پرۆسەیەکی ئاسانتر دەبنەوە. ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوەوە و یان دەرەوەی وڵات دەیانەوێت پارە بۆ خزم و کەسوکار و خێزانەکانیان بنێرن، چیتر ناچار نابن لە رێگەی سەنتەرەکانی حەواڵەوە ئەو کارە بکەن.
تا کۆتایی ئەمساڵ، هەزاران فەرمانبەری کەرتی گشتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) تۆماردەکرێن و حیسابی بانکیان لە بانکە تایبەتەکانەوە بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەربگرن، لە ساڵی داهاتووشدا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەبێت. ئێمە، پابەندین بەوەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆر، حیسابی بانکیان هەبێت و ئەم بەرنامەیەش خێراتر دەکەین و لەم رووەوە ئامادەسازیمان کردووە.
ساڵانێکی زۆرە لەنێو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان؟ لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتییە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکیی بەهێز.
بڕیارمان داوە پشتگیری پلانی بەرفراوانبوونی بانکەکان بکەین ئەویش لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە:
دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە بانکەکان حیسابیان دەبێت، بە هەمان شێوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش پێویستە ئەو کارە بکەن. بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریی بانکی بۆ سەدان هەزار کەس لە کوردستان بەردەست دەبێت.
هاوکات هانی بانکەکان دەدەین لقەکانیان لە سەرانسەری کوردستان زیاد بکەن و لە ماوەی دوو ساڵدا، تۆڕی ئامێرەکانی ATM دە هێندەی ئێستا، زیاتر بكرێن. هەروەها کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی بازاڕ و مارکێتەکانی کوردستان دەستەبەر بێت.
پێویستە دان بەوەدا بنێین تا ئەمڕۆ بانکەکانی کەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستی هاووڵاتیانمان دابین بکەن. پشتبەستن بە پارەی کاش، گەشەی ئابووری ئێمەی سنووردار کردووە و دەرفەتی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارەی رەخساندووە. ئەمەش دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هەروەها هەر هاوکارییەکیش پێویست بێت، پێشکەشی بانکە تایبەتەکانی دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان باشتر و خێراتر بکەن.
ئامانجمان ئەوەیە؛ پێشبڕکێیەکی تەندروست لەنێوان بانکەکان لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت و هاووڵاتییانیش ئازاد بن لە هەڵبژادنی بانکیی خۆیان لە سەر بنەمای باشی و پێشکەوتوویی و خێرایی خزمەتگوزارییە بانکییەکان. تائێستا لە پرۆژەی (هەژماری من) پێنج بانکی کەرتی تایبەتمان هەڵبژاردووە. هیوادارم بانکی تریش لە داهاتوودا ببنە بەشێک لەم پڕۆژەیە.
ئەم بانکانە لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی روون هەڵدەبژێردرێن کە لەم ڕووەوە، لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەماهەنگیی کراوە. بۆ نموونە ئەو بانکانە لقیان لە چەند شوێنێکدا هەیە و، بانکی دیجیتاڵین و لە رێگەی مۆبایل و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن و تۆڕێکی ATMیان هەیە و خزمەتگوزاری دارایی ئەلیکترۆنیان هەیە.
دەمەوێت سوپاسی بانکەکان بکەم بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە پڕۆژە و بەرنامەکانمان و داوایان لێ دەکەم بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکانیان.
هاووڵاتیانی ئێمە لە ماوەی داهاتوودا، بە خێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن؛ بۆ نموونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی تا ئەوەی بە ئاسانی لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوە بە متمانەوە، کارتی بانکی و خزمەتگوزارییەکانیان بە کاربهێنن. خاوەنکارەکانيش دەتوانن سوود لە دەرفەتەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی وەربگرن و پارە بگوازنەوە بۆ كاروباری بازرگانی. هەروەها حکومەت چۆنیەتی پارەدان و کۆکردنەوەی داهاتیش دەگۆڕێت. بە کورتی کاردەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و بازرگانەکانمان، بتوانن لە هەر شوێن و لە هەر کاتێکدا بیانەوێت دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.
پێویستە وابکەین پارەی جووتیارەکانمان، راستەوخۆ بچێتە سەر حیسابی بانکیان کاتێک گەنم و دانەوێڵەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی دەفرۆشن. هیوادارم بە زووترین کات ئەم گۆڕانکارییانە ڕووبدات.
دڵنیام هاوبەشە بانکییەکانی ئەمڕۆمان، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەبنە گەورەترین بانکی ئەهلی لە وڵاتدا.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەن و بەڕێزانە بکەم کە لەم ئەرکە گرنگەدا هاوکار و پشتیوانمانن. بە تایبەتی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەڕێز عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و تیمەکەی دەکەم کە بە رێنوێنی و پشتیوانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بەردەوامن لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنمان لە بوارەکانی ئەنجامدانی چاکسازی بانکی و بەڕێوەبردنی گەنجینە. سوپاس بۆ پشیتوانی و پشتگیرییان.
ئێمە، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی دیناری عێراقی. لەسەر ئەم بابەتە، خۆشحاڵم بەو پێشکەوتنانەی ئەمساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بەدەستمان هێناوە. پێویستە کاری زیاتر بکرێت و ئێمەش ئەوەی لە سەرمان بێت لەم ڕووەوە دەیکەین.
بەڕێزان:
لە کۆمەڵگە و وڵاتانی پێشکەوتوو، هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک. لە هەمان کاتدا سیستەمێكی بانكیی هاوچەرخ و بەهێز، هاوكار و یارمەتیدەرێكی بەهێزی گەشەپێدانی ئابوورییە و خزمەتگوزاریی دارایی و كارئاسانییەكی زۆریش پێشکەشی خاوەنکاران و وەبەرهێنەران دەکات.
تەنانەت دەتوانین بڵێین بەهێزیی سیستەمی بانکی لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، بنەما و مەرجێكی سەرەكیی بەهێزیی ئابووریشە، چونکە هەبوونی سیستەمێكی بانكیی بەهێز و كارا، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات.
بێگومان یەکێک لە کێشە و ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم هەبوونی سیستەمێکی بانکی بەهێز و پێشکەوتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نەبوونی متمانەی خەڵکە بە بانکەکان، ئەمەش زۆر هۆکاری لە پشتە، لە سەروویانەوە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی و ئابووری وڵات و تەشەسەندنی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان کە وایکردووە، هاووڵاتییان متمانەیان بە بانک و دامەزراوە داراییەکان نەمێنێت.
بەڵام ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی بانکەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن متمانە لە نێوان بانکەکان و هاووڵاتییان دروست بکەین ئەویش لە دڵنیاییدان لە سەر پاراستنی سەرمایە و سامانی خەڵک لە بانکەکاندا. هەروەها بانکەکانیش پێویستە خزمەتگوزارییەکانیان بەرفراوان بکەن. واتە بە هاوکاری و هەماهەنگی حکومەت و بانک و هاووڵاتی، دەکرێ ئەو متمانەیەی کە پێویستە بە بانکەکان هەبێت دروست بکەینەوە.
بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسیی و شەڕ و نائارامی لە ساڵانی رابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەیە لە هەموو کەرتەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش هەبوونی سیستەمێکی بانکی چالاک و پێشکەوتوو، هۆکارێکی سەرەکی و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانین کاروانی چاکسازی و ئاوەدانیی درێژەپێبدەین.
ئەو هەنگاوانەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی و حکومەتی فیدراڵ و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردووە، جێگەی ئومێدێکی زۆرن و دەتوانین بە هاوکاری و پشتیوانیکردنی یەکتر، پێشکەوتنی بەرچاوی ئابووری لە ماوەیەکی نزیکدا ببینین.
جارێکی دیکەش دەستخۆشی بەستنی ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەم و هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی باشی لێ بەرهەم بێت لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و دۆخی ئابووری بە گشتی .
هەر شاد و سەرکەوتووبن و وڵاتیش هەر ئاوەدان بێت.



