رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزیوە، ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەتەوە، بەوپێیەش هەردوو بازاڕی نەوتی ئەمریکا و بازاڕی نەوتی ئەوروپا دوو ئاراستەی جیاوازیان هەیە.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-12-2023) نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 10 سەنت بەرزبووەوە بە 78 دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش حەوت سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی دووشەممەوە بەهۆی نیگەرانی لە هێرشی حوسییەکانی یەمەن و وەستانی گواستنەوەی دەریایی لەرێگەی دەریای سوورەوە، ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووەتەبەر.
کۆمپانیای نەوتی بی پی بەریتانی رایگەیاند هەموو گواستنەوەیەکی نەوت لەڕێگەی دەریای سوورەوە راگرتووە.
تینا تانگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی سی ئێم سی مارکێت لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی جێگیر مامەڵەیان پێوەکرا، بەڵام نیگەرانی لە تەشەنەکردنی زیاتری شەڕی ئیسرائیل و غەززە و پچڕانی رێڕەوی دەریایی دەریای سوور، بە ئەگەری زۆرەوە بازاڕی نەوت ناسەقامگیر دەکاتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت تەشەنەکردنی زیاتری شەڕ و نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر هاندەدات.
گرووپی فرۆنتلاین، کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتە رایگەیاندووە، کەشتییە نەوتییەکانی خۆیان لە دەریای سوور بەدووردەگرن.
نزیکەی 15٪ـی گواستنەوەی دەریایی جیهان لەڕێگەی کەناڵی سویسەوەیە کە دەریای سوور بە دەریای ناوەڕاست گرێدەدات.



