رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، دوای نزیکەی 10 ساڵ لە لەکارکەوتن، کارەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان بێجی و کەرکووکیان تەواو کردووە.
عەبدولکەریم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت رایگەیاند، تیمە تەکنیکی و ئەندازەییەکان لە کۆمپانیاکەیان، کاری تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی هێڵی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی نێوان پاڵاوگەی بێجی - کەرکووک تەواو کرد، کە لە ساڵی 2014وە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لەکارکەوتبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە رۆژانە 140 هەزار بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رەوانەی پاڵاوگەی بێجی دەکرێت. دوای پاڵاوتنی، بەشێکی بۆ کەرکووک دەنێردرێتەوە.
درێژی هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان بێجی و کەرکووک نزیکەی 86 کیلۆمەترە.
عەبدولکەریم موسەوی دەڵێت، "ئەم هێڵە بەرهەمە نەوتییەکان (بەنزین، نەوتی سپی و گاز) لە کۆمپانیای پاڵاوتنی باکوور/ پاڵاوگەی سمود (بێجی) لە وێستگەی بێجییەوە بۆ کۆگاکانی کەرکووک دەگوازێتەوە کە توانای رۆژانەی 4-6 ملیۆن لیترە؛ بەرهەمە نەوتییەکان بۆ پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی باکوور دابین دەکات، جگە لەوەش گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگەی تانکەرەوە کەم دەکاتەوە."



