رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکى و ئەڵمانی واژۆ دەکات بۆ سوود وەرگرتن لە گازى هاوەڵ لە کێڵگەکانى نەوتى عێراق و بەکارهێنانى لە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبادا.
31ى ئادارى 2024، وەزارەتى نەوتى عێراق واژۆکردنى ئەو یاداشتنامانەی راگەیاند کە لە بەغدا کراون.
گرێبەستەکان لە نێوان ئەو وەزارەتە و هەردوو کۆمپانیای سیمینز ئینێرجى ئەڵمانی و شڵەمبێرگرى ئەمریکى کراون و ئامانجیش سوودوەرگرتنە لە گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوت تاوەکو گازە بەرهەمهێندراوەکە لە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبادا بەکاربهێندرێت.
31ى ئادارى 2024 عيزەت سابير، بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەوەى کراوە لێکتێگەیشتنە و بۆ قۆناخى دواتر رێککەوتنى کۆتایی دەکرێت. دواتر ئەو کێڵگانە دیاری دەکرێن کە تێیاندا ئەو دوو کۆمپانیایە گازى هاوەڵ بەرهەم دەهێنن".
عیزەت سابیر گوتی، "بەگوێرەى گرێبەستەکە، ئەو دوو کۆمپانیایە ئامێرى خۆیان دەبەنە کێڵگەکان و راستەوخۆ سوود لە گازی هاوەڵى ئەو کێڵگانە وەردەگرن و وزەى کارەباى پێ بەرهەم دەهێنن".
ساڵانە کێڵگەکانى نەوت لە عێراق نزیکەى سێ ملیار پێ سێجار گازى هاوەڵ دەردەکەن کە 1.5 ملیار پێ سێجاى لێ بەرهەم دەهێندرێت و ئەوى دیکەى لە رێگەى سووتانییەوە بە فیڕۆ دەچێت.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت، ئامانج لەو دوو گرێبەستە ئەوەیە کە سووتانى گاز لە کێڵگەکانى نەوت رابگیرێت وبکرێتە وزەى بەرهەمهێندراو بۆ کارەبا، ئەوەش لە رێگەى ئەو تەکنەلۆژیایانەى ئەو دوو کۆمپانیایە هەیانە.
بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی لە گاز و بەکارهێنانى لە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبادا عێراق پشت بە هاوردەکردنى گازى ئێران دەبەستێت.
ماکیسیملیان راش، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا لە عێراق دواى واژۆکردنەکە رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەى یارمەتى عێراق دەدات بۆ باشکردنى وزە و کەمکردنەوەى دەرهاویشتە گازییەکان.
بەگوێرەى رێککەوتنێکى نێوان عێراق و ئێران کە لە 10ى ئاداردا واژۆ کرا، بۆ ماوەى پێنج ساڵ ئێران رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردەى عێراق دەکات.



