رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەڕێژەی 1.1٪ دابەزی.
دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و غەززە لە میسر هیوایەکیان دروستکردووە لەسەر وەستانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-4-2024) لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار دابەزی و بە 88 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 84 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ راگرتنی شەڕ بوونەتە هۆکاری کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، ئەوەش هۆکار بووە بۆ دابەزینی نرخی نەوت.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەبەرامبەر رادەستکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل دەتوانێت هێرشی بەرفراوانی خۆی بۆ رەفەح بوەستێنێت، ئەو شوێنەی نزیکەی یەک ملیۆن فەلەستینی تێیدا ئاوارە بوون.
بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاندووە ئیسرائیل بە ئەگەری زۆرەوە گوێ لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەگرێت، کە پەیوەستن بە چۆنیێتیی پێشکێشکردنی یارمەتییە مرۆڤییەکان، هەروەها هێرشی سەر رەفەح.
سایکامۆر لەو بارەیەوە هەروەها رایگەیاند، بازرگانان چاویان لە کۆبوونەوەی یەکی مانگی داهاتووە کە تێیدا بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سیاسەتی نەختیی بانکەکە دەخەنەڕوو و، پێشبینی دەکرێت سوودی بانکی لە ئاستە بەرزەکانی جێگیربکەنەوە.
بەرزیی سوودی بانکی دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو.


.jpg&w=3840&q=75)
