رووداو دیجیتاڵ
بۆ دوو رۆژی لەدوای یەک، نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی خۆی و هەر ئۆنسەیەک بە 2334 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمریکا لە رۆژی چوارشەممەوە بەردەوامە. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
ڤالێریا بێدناریک، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆڕمی (ئێف ئێکس ستریت) رایگەیاند: "بازاڕی زێڕ لەژێر گوشاری لێدوانەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکادایە، دوای ئەوەی لێدوانەکانیان هیچ هیوایەکیان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمساڵدا نەهێشت."
سوودی بانکی لە ئەمریکا لە ئاستی 5.5٪ دایە و مانەوەی لەو ئاستەدا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و ئەوەش خواست بۆ کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە دەکەن، کەمدەکاتەوە.
بەپێی راپرسییەکان، تەنیا بەڕێژەی 53٪ چانسی ئەوە هەیە بانکی ناوەندەیی ئەمریکا سوودی بانکی لە مانگی 9ی ئەم ساڵ کەمبکاتەوە.
ڤالێریا بێدناریک پێیوایە، لە رووی تەکنیکییەوە لە ماوەی کورتخایەن ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ هەیە.
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، ئەگەر فرۆشیاران ئاراستەی بازاڕ بگرنە دەست، نرخی زێڕ ئەگەری هەیە تاوەکو نزیکەی 2300 دۆلاریش دابەزێت.



